توركیا.. نەهامەتییەكانی پارتەكەی ئەردۆغان درێژەی دەبێت

:: PM:05:11:18/04/2019 ‌

دوای شكستەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە توركیا لە بەشێك لە ناوچە گرنگەكان لە هەڵبژاردنی دوایی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی ئەو وڵاتە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا سەرۆكایەتی دەكات، بەتایبەتی لە ئەنكەرەی پایەتەخت، خەریكە چەند پرسێكی نهێنی و شاراوە ئاشكرا دەبن كە سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە لە رابردوو ئەنجامیان داوە، نووسەرێكی تورك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەریەك لە عەبدوڵا گویل و ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرقاڵی دروستكردنی دوو پارتی سیاسین و ئەوەیش گەورەترین گورز دەبێت بۆ ئەردۆغان و پارتەكەی.

توونچ سویر سەرۆك شارەوانی نوێی ئیزمیر سەر بە پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە ژوورێكی داخراو بە كۆدی نهێنی كە تەنیا بە مۆری چاوەكان دەكرێتەوە، لەناو تەلاری شارەوانی ئەنكەرەی پایەتەخت هەیە و مەنسوور یافاش سەرۆكی نوێی شارەوانی ئەنكەرە ئەوەی پێ راگەیاندووە كە لە 8ی ئەم مانگە دوای وەرگرتنی پۆستەكە تا ئێستە نەیتوانیوە بچێتە ناو ئەو ژوورە، كە دەكەوێتە نهۆمی 12 لە تەلاری شارەوانییەكە و تاكە كەس كە دەتوانێت بە مۆری چاوەكانی بیكاتەوە ملیح گۆكچك سەرۆك شارەوانی پێشووە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان.

پێشبینی دەكرێت ئەو ژوورە بەڵگەنامە و نووسراوێكی زۆری تایبەت بە گەندەڵی و بەرتیل و كڕین و فرۆشتنی نایاسایی تیادابێت كە لە ساڵانی دوایی لەو شارەوانییە ئەنجام دراون، كاتێك لەوەتەی گەیشتنی ئەردۆغان بۆ دەسەڵات وەك سەرۆك وەزیران و سەرۆكی توركیا، ئەو شارەوانییە بەدەستی داد و گەشەپێدان بووە.

راپۆرتەكانی راگەیاندنی توركیا لە كۆتای مانگی ئازاری رابردوو باسی ئەوەیان كرد كە پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا دەستی بەسەر 62 ملیار دۆلاری ئەمەریكاییدا گرتووە لە رێگەی پرۆسەی تایبەتكردن، واتە لە 2003ەوە تا 2018 و ئەو پارتە دەستی بەسەر كارگەكانی پترۆكیمیایی و شەكر و پاڵاوتنی نەوت و ئاسن و پۆڵا و چنین و كۆمپانیاكانی توتن و كحوول و دابەشكردنی كارەبا و سەتان پڕۆژەی تری نەگوازراوە گرتووە.

جەنگیز ئاكتار نووسەری تورك لە وتارێكی كە لە ماڵپەڕی "ئەحوال"ی توركیدا بڵاو كراوەتەوە ئاماژە بۆ هۆكاری دەستگرتنی ئەردۆغان و پارتەكەی بە شارەوانی ئیستەنبووڵ دەكات، ئەو گەورە شارەی كە بووەتە ئامرازێك بۆ بوونی بە سەرچاوەی هێزێكی گەورەی ئابووری و سیاسی و دوو لەسەر سێی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا پێكدێنێت.  

ئەو نووسەرە دەڵێت، ئەردۆغان و پارتەكەی پێوەستبوونێكی ئاڵۆزیان بە ئیستەنبووڵەوە هەیە و ئەو شوێنەیە كە ئەردۆغان ژیانی سیاسی خۆی تیادا دەست پێ كردووە و هەموو مامەڵەكانی پارتەكەی لە 1994ەوە تیادا قەتیس بووە بەوەتەی لەو ساڵە ئەردۆغان بووەتە سەرۆك شارەوانی ئیستەنبووڵ. بۆیە دوای لەدەستدانی هەشت شاری گرنك لە رووی ئابوورییەوە، ئێستە ئەردۆغان كۆنتڕۆڵی 62%ی بەرهەمی ناوخۆی توركیای لەدەست داوە و ئەوەش شكستێكی گەورەیە و رەنگە كار بكاتە سەر ئاستی جەماوەرییەكەی. 

وەك لە راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلیكترۆنی "تی 24"ی توركی لەم مانگەدا سەربەخۆ بڵاو كراوەتەوە، بودجەكانی هەریەك لە ئیستەنبووڵ و ئەنكەرە و ئیزمیر و شارەكانیتر نزیكەی 62%ی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا پێك دێنن، ئاكتار دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی پارتەكەی ئەردۆغان ئاشكرا بێت، ئەو هەنگاوە دەگاتە ئاستی خۆكوشتنی سیاسی رژێمەكەی.

ئەردۆغان و پارتەكەی بەر لە هەڵبژاردنەكان دووپاتیان لەوە دەكردەوە كە ئەگەر لە ئیستەنبووڵ شكست بێنین، لە توركیاش شكست دێنین، راپۆرتەكە ئاماژە دەكات، بۆیە ئەردۆغان و پارتەكەی زۆر نیگەرانن بەوەی ئۆپۆزسیۆن كۆنترۆڵی ئیستەبووڵی كردووە بەهۆی گرنگییە ئابووری و سیاسییەكەیەوە، لەو كاتەی بودجەی شارەوانی ئیستەنبووڵ لە 2019 گەیشتووەتە 4.23 ملیار دۆلار، بۆیە وەك كۆمپانیایەكی گەورەی داهات سەیر دەكرێت. جیا لە 6.23 ملیار دۆلاری تر كە بودجەی چەند دامەرزاوەیەكی ترە وەك میترۆ و ئاوەڕۆ و 4.27 ملیار دۆلاریش كە بریتییە لە فرۆشیاری 28 كۆمپانیای سەر بەو شارەوانییە. 

ئاكتار پێشبینی دەكات كاریگەری بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن بە شارەوانی شارە گەورەكان بۆ سەر ئەردۆغان و پارتەكەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دیار بكەوێت كە لە حوزەیرانی 2023 بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەو چوار ساڵی داهاتوو بۆ ئەو پارتە پڕ دەبێت لە سەختی و پشێوی، ئەوە ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە لەكاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

لای خۆیەوە حەسەن ئۆزتورك نووسەری توركیا كە لە رۆژنامەیەكی نزیك لە ئەردۆغان دەنووسێت، باسی جیابوونەوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و وەزیرانی پێشووی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان دەكەن و ئەوان خواستی چوونە پاڵ دوو پارتی تریان هەیە كە لەلایەن دوو هاوپەیمانی سەرەكی ئەردۆغان و داد و گەشەپێدانەوە دێنە دامەزراندن.

ئەو نووسەرە لە وتارێكی لە رۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی توركیا و نزیك لە حكوومەت دەڵێت، هەریەك لە عەبدوڵا گویڵ سەرۆكی پێشوو و ئەحمەد داودئۆغڵۆی سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا كە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان بوون، بەنیازن دوو پارتی نوێی سیاسی دروست بكەن، یەكەمیان لەلایەن داودئۆغڵۆوە كە ئێستە لە ئەنكەرە خەریكی وتوێژی دامەزراندنی پارتەكەیەتی و پێشبینی دەكرێت بەیاننامەی دامەزراندنی تا مانگێكی تر دەربچێت و درووشمەكانیشی دوای دوو مانگ و 50-60 پەرلەمانتاری پێشووی داد و گەشەپێدان و 5-6 وەزیری پێشووی حكوومەت واژوویان لەسەر بەیاننامەی دامەزراندنی ئەو پارتە كردووە. 

هەرچی پارتی دووەمە كە لەلایەن گویلەوە دێتە دامەزراندن، عەلی باباجان وەزیری پێشووی دارایی و ژمارەیەكی زۆری كەسایەتییە سیاسییەكان لەخۆ دەگرێت و ئەویش تا مانگێكی تر درووشەمەكانی رادەگەیەنێت، چاودێران پێیان وایە كە دامەرزاندنی ئەو دوو پارتە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری ئێستەی توركیا و ناوبانگی باشی هەریەك لە گویل و داودئۆغڵۆ وا دەكەن كە كاریگەری بۆ سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی و پارتە سیاسییەكانی توركیا دروست بكەن، بەتایبەتی پارتی داد و گەشەپێدان كە ئەوەیش وای كرد ئەردۆغان لەو بارەوە ئەو كەسانەی كە لە پارتەكەی جیا دەبنەوە بە ناپاك وەسف بكات.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل