وادەی ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ كوردستان دیار كرا

:: PM:05:46:18/04/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، بەغدا پابەندە بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت، هەرێم و بەغدا دەبێت لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان، شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لە یاسای بودجەی ساڵی 2019 تەواوی ئەو بڕگانەی كە پێوەستن بە هەرێمی كوردستان دەنگیان لەسەر دراوە بە تایبەت پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، ئەو شایستە داراییانە لەسەر بەغدا پێویستە بیداتە هەرێمی كوردستان كە خۆی لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەبەرهێنان و قەرزی دەرەكی و كارەبا و كشتوكاڵ دەبینێتەوە و پارەكەیش نزیكەی چوار تریلیۆن دینار دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە كە كاتێك ئەو شایستە داراییانە دەدرێنە هەرێمی كوردستان كە هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات لەگەڵ داهاتی مەرز و خاڵە گومرگییەكان بەبێ ئەوانە بەغدا تەنیا پابەندی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەبێت و شایستە داراییەكان نانێرێت.

" ئەو بڕە پارەیەی كە لە بودجە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان دانراوە چوار  تریلیۆن دینارە بۆ هەر یەك تریلیۆنێك  128 ملیاری بۆ هەرێم دەبێت، كۆی گشتی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم زیاتر لە 500 ملیار دینارە و تەواوی شایستە داراییەكانی تر بە وەبەرهێنان و كارەبا و كشتوكاڵ و قەرزە دەرەكیەكان تر دەگرێتەوە كە زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار دەبن" پەرلەمانتارەكە وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم