پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت بگاتە 75 دۆلار

:: PM:06:48:18/04/2019 ‌
پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت لە دنیا بگاتە 75 دۆلار

شارەزایەكی ئابووری عێراقی پێشبینی دەكات كە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی دنیا لە دوو مانگی داهاتوودا بگاتە ئاستی 75 دۆلاری ئەمەریكایی بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوەش دوای كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە و گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ڤەنزوێلا.

ماجید سووڕی ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە دەبێتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سنوروی 75 دۆلار و بەوەش عێراق گەورەترین سوودمەند دەبێت لەو كەمكردنەوەیە، چونكە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. 

زیاتر گوتی، بەرزبوونەوەی نرخی خاوی نەوت لە دوو مانگی داهاتوو دیار دەكەوێت لە دوای كەمبوونەوەی پێشبینی نەكراو بۆ ئەمباركراوی نەوتی ئەمەریكا و روونی كردەوە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و بیانی دەیانەوێت نرخی نەوت لە بازاڕ لە سنووری 75 تا 70 دۆلار بمێنێتەوە. 

سووڕی ئاماژەی كرد، هەروەها ئەو گوشارانەی ئەمەریكا بۆ سەر ڤەنزوێلا و پابەندی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان، دەبنە هۆكاری تر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دنیا.

شایەنی باسە هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە 71دۆلار و 70 سەنت داخرابوو و تا نیوەڕۆی سێشەم بە 70دۆلار و 80 سەنت دابەزی، بەڵام دوێنێ چوارشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان هەڵكشا و بەرزترین نرخی لە ماوەی پێنج مانگ و 10رۆژی رابردوو تۆمار كرد و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 72دۆلار و چوار سەنت دەفرۆشرێت.

  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل