ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لێدوانی جیاواز لە بارەی رازی بوونی بزووتنەوەكەیان بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم دەدەن و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیش روونكردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان، نەسرەدین مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، بزووتنەوەكەیان رازی بووە بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ئەمەیش لە پێناوی هاووڵاتییانی كوردستان.
روونیشی كردەوە كە دەبێت جێگرەكەی پشكی گۆڕان دەسەڵاتی زیاتر بێت و ئەوەی دەشدرێت بە یەكێتی دەسەڵاتی دیار كراو بێت.
لای خۆیەوە، هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، گۆڕان هێشتا بڕیاری كۆتایی لە بارەی ئەو پرسەوە نەداوە كە رازی ببێت بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم یان نا.
زیاتر گوتی، پێشتر كە رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی كرد جڤاتی نیشتمانی رێككەوتنەكەی بەو جۆرە پەسەندكرد كە یەك جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هەبێت، ئێستەیش كە جێگرێكی تر زیاد دەبێ دەبێت جڤاتی نیشتمانی دووبارە لە سەر ئەو پرسە كۆببێتەوە. هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كە جڤاتەكەیان ناوەراستی هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە كۆ دەبێتەوە و بڕیاری لە بارەوە دەدات.
پێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای جێگری دووەمی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردبوو، بەڵام هێشتا بەفەرمی لەنێوان لایەنەكان ئەو پرسە یەكلا نەكراوەتەوە.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا