حكوومەتەكانی دوای 2003 لە عێراق رێگەیان خۆش كرد بۆ دروستبوونی دەوڵەتی میلیشیاكان و ئێستە ئەوان بەسەر زۆرێك لە دامەزراوەكانی دەوڵەت باڵادەستن، ساڵی رابردوو سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە حەشدی شەعبی بەرجەستەی هێزی سەرەكی دەوڵەت دەكات و سوپاش پاڵپشتیان لێ دەكات، لەم دواییەشدا ئەو هێزە خەریكی بنیاتنانی هێزێكی دەریاوانییە، جیا لەو هێزە زەوینی و چەكە قوڕسانەی هەیەتی، بەڵام مەبەست لەو هەنگاوەی دوایی چییە؟
ساڵی رابردوو فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە حەشدی شەعبی بەرجەستەی قۆڵی سەرەكی هێزی دەوڵەتی عێراق دەكات و هێزی یەكەمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی وڵات و سوپای عێراقیش لە حاڵەتی پشتیوانی و پاڵپشتییە بۆ حەشدی شەعبی، دووپاتی كردەوە كە تواناكانی ئەو هێزە سامان و دەستكەوتێكی گەورەیە.
جارێكی تر حەشدی شەعبی خەریكی خۆپەرەپێدانە، ئەوجارەیان دوور لە كۆنترۆڵی شارەكان و جەنگەكانەوە، كاتێك لە 23ی شوباتی رابردوو دەستەی حەشدی شەعبی لە میانەی دەرچوونی پۆلێك لە ئەندامانی لە خولێكی مەشقی دەریاوانی لە بەسڕە رای گەیاند كە كڕۆكی هێزێكی دەریاوانی دامەزراندووە، واتە دامەزراندنی هێزێكی دەریاوانی سەر بە حەشدی شەعبی كە چەندان پرسیار بەدوای خۆیدا دێنێت لەبارەی هۆكار و ئامانجەكانی ئەو هەنگاوە.
حەشدی شەعبی دوای دەركەوتنی داعش لە 2014 بە فەتوایەكی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی مەزار و شوێنە پیرۆزە شیعەكان و پاراستنی بەغدای پایەتەخت كە حكوومەتێكی شیعە لەخۆ دەگرێت، هاتە دامەزراندن، بەڵام دوای ساڵێك و نیو لە نەمانی جەنگی داعش، ئەو هێزە هەر ماوە و رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر و فرەوانتر دەبێت و دەیان نوێنەری لەناو پەرلەمان و حكوومەت هەیە، جیا لە فرەوانكردنی پێكهاتە سەربازییەكەی كە بەم دواییە دامەزراندنی هێزی دەریاوانی راگەیاند.
لەو بارەوە
كەرار خەزرەجی سەركردە لە حەشدی شەعبی لە قۆڵی بەسڕە دەڵێت، دامەزراندنی هێزی دەریاوانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی پلانێكی ئامادەسازی سەربازی گشتی دێت بۆ بوون بە خاوەنی هەموو جۆرە پێكهاتە سەربازییەكان و سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی بەسڕەی حەشدی شەعبی لە بەسڕە ژمارەیەكی زۆری لە چەكدارانی حەشد خستووەتە ناو خولێكی شیاندنی سەربازی لە هێزی دەریاوانی لە پەیمانگەی مەشقی دەریاوانی سەر بە هێزی دەریاوانی لە وەزارەتی بەرگری عێراق.
زیاتر گوتی، یەكەم خولی هێزی دەریاوانی حەشدی شەعبی دەرچووە كە 60 چەكدارن و ئەوان راهێنانی چڕیان لەبارەی هێزی دەریاوانی كردووە بۆ ماوەی سێ مانگ و ئەو هێزەش دەبێتە كڕۆكی هێزی دەریاوانی حەشدی شەعبی كە بەشداری دەكات لە پاراستنی ئاوی نێودەوڵەتی عێراق و رێگرتن لە قاچاغی. لەو كاتەی حەشدی شەعبی ناوی 340 ئەندامی خۆی بۆ مەشق پێكردنیان پێشكەش كردووە و چاوی لەوەیە كە كەرەستە و پێویستی سەربازیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پێ بدرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووری ئاوی عێراق.
پێكهێنانی ئەو هێزە دەریاوانییەی حەشدی شەعبی دوای تۆمەتباركردنی ئەو هێزە دێت بە كۆنترۆڵكردنی بەندەرەكانی باشووری عێراق لە بەسڕە، لەو بارەوە حەیدەر مووسەوی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەسڕە دەڵێت، تۆڕێكی مافیا هەن كە لەلایەن ئەو پارتانەوە پاڵپشتی دەكرێن كە میلیشیای چەكداریان هەیە و ئەوان كۆنترۆڵی بەندەرەكانی باشووری عێراق دەكەن بەتایبەتی بەندەری ئوم قەسڕ. دووپاتی كردەوە، پارتە دەسترۆیشتووەكان پشكەكان لەو بەنداوانە دابەش دەكەن لە قاچاغی چەك و نەوت و مادەی هۆشبەر، جیا لەوەی ئەوان هەر كەسێك دەكوژن كە رووبەڕوویان بوەستێتەوە لە پۆلیس و گومرگ و دەروازە سنوورییەكان.
وائل عەبدوللەتیف پەرلەمانتاری پێشووی بەسڕە دەڵێت، پرۆسەی بەقاچاغبردنی نەوتی عێراق لە باشوور لەلایەن گرووپ و باندەكانی پاڵپشتیكراو لەلایەن پارتە سیاسییەكان و میلیشیا چەكدارەكانەوە بە چەند رێگەیەكەوە ئەنجام دەدرێت بۆ پاڵپشتیكردنی دارایی ئەو پارت و گرووپە چەكدارانە.
سەرچاوەكان دەڵێن كە دروستكردنی هێزێكی دەریاوانی بۆ حەشدی شەعبی چەندان پرسیار دێنێتە ئاراوە ئاخۆ ئەركی ئەوان چی دەبێت، بەتایبەتی كاتێك هێزێكی دەریاوانی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق و پاسەوانی كەناراوییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ هەیە و ئەوان ئەركی پاراستنی سنوورە ئاوییەكانی عێراق دەگرنە ئەستۆ.
حەسەن عوبێدی، شارەزای سەربازی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، ئێستە حەشدی شەعبی بەتوندی هەوڵی بینینی هەمان رۆڵی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق دەدات لە رێگەی جۆراوجۆركردنی پێكهاتە شەڕوانییەكانی لە دروستكردنی هێزی زەوینی و دەریایی و لە داهاتووشدا بنیاتنانی هێزی ئاسمانی سەر بەخۆی.
روونی كردەوە، حەشدی شەعبی لە رێگەی دامەزراندنی هێزی دەریایی، هەوڵی باڵادەستی و كۆنترۆڵكردنی ئاوی نێودەوڵەتی عێراق دەدات و لەوێوە بە شێوەیەكی یاسایی دەست بە كۆنتڕۆڵكردنی پرۆسەی قاچاغی چەك و نەوت و مادەی هۆشبەر دەكات، راستە ئێستە ئەو قاچاغییەی لە بەندەرەكانی باشووری عێراق دەكرێت هەر حەشدی شەعبی ئەنجامی دەدات، بەڵام دامەزراندنی هێزێكی دەر یایی سەر بەو هێزە پرۆسەكە بەیاسایی دەكات.
ئەو شارەزایە دەڵێت، رێككەوتننە نێودەوڵەتییەكان رێگرن لە پێدانی چەكی پێشكەوتووی دەریایی بە حەشدی شەعبی كە لایەنێكی نافەرمین، بەتایبەتی ئەمەریكا كە سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە ناو لیستی تیرۆر و رەنگە لیستەكە فرەوانتر بكات و چەند هێزێكی حەشدی شەعبیش بگرێتەوە. لەو كاتەی یوونس عەزاوی شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژەی كرد كە ئەگەر حكوومەتی عێراق چەكی دەریاوانی بداتە حەشدی شەعبی، رەنگە ئەمەریكا رێوشوێنی تەناهی لە بەرانبەر عێراق وەربگرێت.