گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ هۆكاری كه‌می كاره‌بای سلێمانی و گه‌رمیانن

:: PM:09:29:04/01/2017 ‌
بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم ڕای دەگەیەنێت، ڕێککەوتن لە نێوان هەر چوار بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى هەرێم کراوە لە بارەى دابەشکردنى کارەبا بە سەر پارێزگاکان و کارەبا وەک خۆى دابەش دەکرێت.
 
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەبا هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە بە "وشە"ى ڕاگەیاند، ئەو کارەبایەى کە لە هەرێم بەرهەم دێت بە یەکسانى دابەش دەکرێت بەسەر پارێزگاکان دا، هیچ کات گۆڕانکارى بەسەر نایەت تەنها کاتى گۆڕینى وەرزەکان نەبێت.
 
ئەوەشى گوت، لە ڕابردوو دابەشکردنى کارەبا لەسەر بنه‌مای کاتەکانى دابەشکردنى کارەبا بووە، لە مانگى 12ى ساڵى 2015، هەر چوار بەڕێوەبەرە گشتییەکەى کارەبا لە سلێمانى و هەولێر و دهۆک و گەرمیان پێکهاتوون لەسەر ئەوەى بە ڕێژەى مێگاواتى کارەباى هەرێم دابەش بکرێت.
 
ئه‌حمه‌د ئاشكرای كرد، لە ئێستادا لە 34% کارەباى بەرهەم هاتوو دەدرێتە سلێمانی، بۆ هەولێر لە 39% و بۆ دهۆک لە 26.5% و گەرمیانیش بڕەکەى لەسەر پارێزگاى سلێمانى دانراوە.
 
به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌با هه‌روه‌ها گوتی، لە کاتى هاوین گۆڕانکارى بەسەر ئەو بڕە كاره‌بایه‌دا دێت و هەولێر لەبەر ئەوەى گەرمە رێژه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، سلێمانى بڕى پێدانى کارەباى دادەبەزێت بۆ لە 31%  تا لە 33%، هەولێر ده‌بێته‌ لە 42%.
 
لاى خۆیەوە، سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سلێمانى بە "وشە"ى ڕاگەیاند، ریژەى دابەشکردنى پشکەکانى کارەبا لە نێوان پارێزگاکان بەو شێوازە دانراوە کە هەولێر بڕى پێدانى کارەباى زیاتر بێت لە پارێزگاکانى تر.
 
حیسامه‌دین ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەپێى هەموو پێوەرێک دەبێت هەر شوێنێک ژمارەى هاوبەشى کارەباى زیاتر بوو، بڕى پێدانى کارەبا و مێگاوات بۆ ئەو شوێنە زیاتر بێت، كه‌ پێوەرێکى زانستیە، بۆیە ئێستا سلێمانى لە هەردوو پارێزگاکەى تر هاوبەشى کارەباى زیاترە، چونكه‌ زیاتر لە 525 هەزار هاوبه‌شی هه‌یه‌، بەڵام بڕى کارەباى کەمە و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چەندین جار داوامان لە وەزارەت کردووە کە چاکى بکات، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌كراوه‌ و لە هەوڵى ئه‌وه‌ داین کە ئەو شێوازە بچەسپێنین.
سلێمانى/ هۆشیار عەلى




وشە - عه‌لی سدیق