جگه له كه‌مى ئاو نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى پێویست بۆ شاره‌كه، ئه‌م جاره ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە دەڵێت، پەراوێز خستنی دانیشتوانی پارێزگاكەیان بەردەوامە، بگره ئه‌مجاره هەر تەنیا بۆ زیندووەكان نییە، بەڵكو مردووەكانیشی گرتووه‌تەوە.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى نیسان، عودەی عەواد، ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای بەسڕە، لە تویتێكیدا له پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویه‌تى: "پەراوێز خستنی بەسڕە، تەنانەت زانا كۆچكردووەكانیشی گرتووه‌ته‌وە، حەسەن بن هەیسەمی بەسڕایش باشترین بەڵگەیە، كاتێك وێنەكەیان لەسەر دراوی عێراقی هەڵگرت و گۆڕییان بە مۆنۆمێنتی ئازادی له به‌غدا".
خه‌ڵكى به‌سڕه پێیان وایه ده‌سه‌ڵاتى شیعى له به‌غدا نه‌ك گرنى به‌شاره‌كه‌یان ناده‌ن و له‌ڕووى پڕۆه‌وه پشتگوێ‌یان خستووه به‌ڵكو ئه‌وان به ڕه‌شكردنه‌وه‌ى كولتوور و به‌ها به‌رزه‌كانیان تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن بۆیه چه‌ندان مانگه ناڕه‌زایه‌تى و خۆپێشاندان به‌رده‌وامى هه‌یه.
بەسڕە دەوڵەمەندترین پارێزگاى عێراقە بە نەوت و غاز، بەدەست خراپی خزمەتگوزاری و ئابوورییەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ كەموكوڕییەكی زۆر لە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی وەك ئاو و كارەبا، ئەمەیش بووە مایەی تەقینەوەی خۆپێشاندانی لە هاوینی ساڵى ڕابردووه‌وه كە تێیدا دەیان كەس لە خۆپێشانده‌ران كوژران و برینداربوون، ئێسته‌یش دەنگۆی ئەوە هەیە، كار بۆ بەهەرێمكردنی پارێزگای بەسڕە بكرێت.