له‌وه‌ته‌ی سینه‌ما هاتووه‌ته كوردستان و له‌ناو كورددا بڵاو بووه‌ته‌وه، به ده‌یان قۆناغی دژ و پشتگیریدا ڕۆیشتووه و تووشی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆریش بووه‌ته‌وه تا گه‌یشتووه به‌وه‌ی ئێسته به سینه‌مای كوردی ناو ده‌برێ.
به‌پێی گێڕانه‌وه و به‌ڵگه مێژووییه به‌رده‌سته‌كان، سلێمانی پێشه‌نگی بڵاوكردنه‌وه‌ی سینه‌ما له كوردستان بووه، یه‌كه‌مین سینه‌ما له ساڵی 1910 له‌و شاره كراوه‌ته‌وه و یه‌كه‌مین نمایشیش به فیلمێكی ئه‌مه‌ریكی ده‌ستی پێ كردووه.
سه‌ره‌تا وه‌ك هه‌ر شتێكی تر كه نه‌ناسراو و نامۆ بووه له‌ناو خه‌ڵكدا، سینه‌ما به‌شێوازێكی ئاسایی پێشوازیی لێ نه‌كراوه، به‌هۆی تێنه‌گه‌یشتن و بێئاگایی ڕێژه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵك و لاوازی و نه‌بوونی لایه‌نی پێوه‌ندیدار بۆ خزمه‌تكردن و ناساندنی سینه‌ما به هاووڵاتییان، ناوێكی ناشیرین به سینه‌ما دراوه و لای زۆرینه ته‌نیا وه‌ك به‌هه‌ده‌ردانی پاره باس كراوه.
له زۆربه‌ی خێزانه‌كاندا، كاتێ یه‌كێك له كوڕ یان كچه هه‌رزه‌كاره‌كان ویستوویانه سه‌ردانی سینه‌ما بكه‌ن و سه‌یری فیلمێكی بیانی بكه‌ن، خێزان به توندی وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه و تا ئه‌وپه‌ڕی توانایان ڕێگرییان لێ كردوون.
قۆناغی دوای ئه‌مه ئیتر له سلێمانی و شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان سینه‌ما ناوێكی تری وه‌رگرتووه و به یه‌كێك له هونه‌ره گرنگ و پێویسته‌كان بۆ كۆمه‌ڵگه پێشوازیی لێ كراوه، تا وای لێ هاتووه خوێندنی شانۆ و سینه‌ما له ئاست یه‌كدا خۆیان بینیوه‌ته‌وه و گرنگییه‌كی زۆریان پێ داوه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وسا، ئێسته ڕێزێكی تایبه‌ت له عاشقانی سینه‌ما ده‌گیرێت و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به چاوی ڕۆشنبیر سه‌یر ده‌كرێن.
له هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر سینه‌مای به‌ناوبانگ و گه‌وره كراونه‌ته‌وه، هاووڵاتییان به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ڕوویان تێده‌كه‌ن و ئاگایان له دوایین فیلم و كاتی نمایشه‌كانه. به‌ڵام هێشتا چه‌ند سینه‌مایه‌كی كه‌م هه‌ن كه ده‌توانن ناخ و بیری خه‌ڵك پڕ بكه‌نه‌وه و چێژێكی ته‌واو به بینه‌ر ببه‌خشن.
ساڵانه ده‌یان فێستیڤاڵی تایبه‌ت به سینه‌ما له كوردستان ئه‌نجام ده‌درێ و خه‌ڵاتی گرنگیان تێدا دابه‌ش ده‌كرێ. به‌شێكی زۆری فیلمی سینه‌ماكار و ده‌رهێنه‌ره كورده‌كانیش به‌شداریی فێستیڤاڵه جیهانییه‌كان ده‌كه‌ن و خه‌ڵاتی به‌نرخ و جۆراوجۆر ده‌به‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ سینه‌مای كوردی له قۆناغی پێشكه‌وتندایه و قاڵبه‌كه‌ی ئه‌وسای فڕێ داوه.
شه‌هد كه‌نعانی به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئیمپایه‌ر سینه‌مای هه‌ولێر كه سینه‌مایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه و له ده‌یان وڵاتی تر لقی هه‌یه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، كوردستان وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تری دنیا له ڕووی سینه‌ماوه پێشكه‌وتووه، هه‌ر فیلمێكی نوێ كه به سینه‌ماكان ده‌درێ، له ئیمپایه‌ر سینه‌مای هه‌ولێر هاوشێوه‌ی وڵاتانی تر نمایش ده‌كرێ و هه‌وادارێكی زۆریشی ده‌بێ.
له‌باره‌ی نرخی بلیته‌كانه‌وه خاتوو كه‌نعانی گوتی، "نرخی بلیتی فیلمه‌كان ته‌نیا 15 هه‌زار دیناری عێراقییه، به‌بێ جیاوازی بۆ منداڵ و گه‌نج. ئه‌مه‌ش ئه‌و نرخه كه‌م و مامناوه‌نده‌یه كه به‌پێی ڕه‌چاوكردنی ده‌یان خاڵی گرنگ بۆمان دیاری كراوه، ئه‌م هه‌رزانییه‌ش ته‌نیا لێره و له میسر ده‌بینرێت".
ئه‌گه‌رچی هێشتا به‌شێكی عاشقانی فیلم و سینه‌ما به‌هۆی گرانیی نرخی نمایشه‌كانی سینه‌ماوه سه‌ردانی هیچكام له سینه‌ماكان ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنجی نرخی بلیته‌كان بده‌ن، تێده‌گه‌ن نرخه‌كان به به‌راورد به وڵاتانی تر زۆر هه‌رزانه و هه‌میشه داشكانی تایبه‌تیشیان بۆ ده‌كرێ. له كوردستان نرخه‌كانی بلیتی سینه‌ما له نێوان پێنج تا 15 هه‌زار دینارن، به‌ڵام له وڵاتانی دنیا وانییه و نرخه‌كه‌یان گرانتره وه‌ك ئه‌مه‌ریكا كه نرخی بلیتی سینه‌ما زۆر جیاوازه و به‌پێی ته‌مه‌نه‌كان ده‌گۆڕێت، بۆ منداڵ 12.5 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه و بۆ گه‌وره 21.5 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه.
وشه/ ڕێناس شابان و ڕۆزی عه‌بدولڕه‌حمان