ڕوونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی له‌باره‌ی مووچه‌وه‌

:: PM:05:49:19/04/2019 ‌
كه‌مێك پێش ئێسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر لێدوانی په‌رله‌مانتارێكی كوردی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دا ده‌رباره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ "وشه‌" نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌، "ئەمڕۆ  هەینی 19ی نیسان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەبەشی كوردی دەنگی ئەمه‌ریكا پەرلەمانتاری عیراق ڕێبوار كەریم ڕای گەیاندبوو، كه‌ حكوومەتی هەرێم پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە لەبەغداوە هاتووە بۆ شتی تر خەرج كردووە و بەپێی زانیارییەكانیان داویانە بە پارەی وەبەرهێنەران".

زیاتر ڕوونكرداوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوەت ئەم چەند خاڵە بخەنە بەرچاوی ئەو پەرلەمانتارە و هاووڵاتییانی كوردستان كە ئەو پارەیە لەچیدا خەرج كراوە.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم ڕای گه‌یاندووه‌، حكوومەتی ھەرێم مانگانە لە پێنجی مانگەوە مووچەی دابەش كردووە و ئەم مانگە ئە و ڕۆژە كەوتە ھەینییەوە و دوو ڕۆژ دواكەوتووه‌.

ئاشكراى كردووه‌ كه‌ حكوومەتی بەغدا بۆ مانگی كانوونى دووه‌م و شوباتى ساڵى 2019 بڕی 317 ملیار دیناری ناردووە بۆ ھەرێم و بەوەیش مووچەی مانگی تشرینى یه‌كه‌م و تریشنى دووه‌می ساڵى 2018 ی پێ دراوە بە سیستەمی پاشەكەوت.

ئه‌وه‌یشی باسكردووه، كه‌ لە مانگی ئاداردا بڕی 453 ملیار دینار ھات كە مووچەی مانگی كانوونی یه‌كه‌مى ساڵى 2018ی پێ دراو بێ پاشە كەوت كە مووچە بێ پاشەكەوت پێویستی بە 881 ملیار دینارە مانگانە و بڕی 200 ملیار دینار بۆ تەواوكاری مانگی كانوونى دووه‌م و شوباتھاتووە كە بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەرماڵە و فەرقی مووچەی موچەخۆران بەكار ھاتووە و بە ھیچ شێوەیەك بۆ ھیچ بابەتێكی تر بە كار نە ھاتووە و تەواوی ئەو قسە و ھەواڵە ناڕاستانە ڕەت دەكەینەوە و ھیچ بنەمایەكی نییە.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، "مانگانە حكوومەتی ھەرێم لە نێوان پێنجى مانگ تا 25 مانگ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەكات و ئەم مانگەیش 23ی نیسان، كۆتا ڕۆژی دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەیە".



وشە - محەمەد میران