زەبرێكی تر لە داعش درا

:: AM:09:30:20/04/2019 ‌
هێزە عێراقییەكان رایان  گەیاند، دوو ئۆپراسیۆنیان لە شاری كەركووك و ئەنبار كردووە و لە ئەنجامدا 12 تیرۆریست كوژراون و 12ی تریشیان گرتووە.

ئەمڕۆ شەموو20ی نیسان رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاوی کردووەتەوە،  شانەی راگەیاندنی ئاسایش لە عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كردووە، دوێنێ‌ هەینی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دوو ئۆپراسیۆنی لەدژی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە شارەكانی كەركووك و ئەنبار بەڕێوە بردووە.

 وەك ئاماژەی بۆ كراوە بە دیاركراویی ئۆپراسیۆنەكان لە حەویجە و روتبە بووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەكەیش 12 تیرۆریست كوژراون كە چواریان سەركردەی داعش بوون، 12ی تریش گیراون.
 
 لە راگەیاندراوەكە دووپاتی ئەوە كراوەتەوە، گیراوەكان رێكاریی یاسییان لەگەڵ گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی بدرێن بە دادگا.

رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە هاوینی 2014 چەندان شاری عێراق و سووریای گرت، دوای سێ ساڵ حكوومەتی عێراق سەركەوتنی بەسەر رێكخراوەكە راگەیاند.

 لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە چەندان شاری عێراق بە تایبەتی لە دەوروبەری شارەكانی مووسڵ و كەركووك و ئەنبار و سەلاحەدین، ئەم رێكخراوە شانەی خەوتووی ماوە و تیرۆریستانی توانای كردەی تیرۆریستییان ماوە.
  


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل