نرخی نەوت بۆ چوارەم هەفتە هەڵکشا

:: AM:09:37:20/04/2019 ‌

 

هەفتەیەکی تر لە بازاری بۆرسەی نەوت داخرا و  دواجار چارتی گۆڕانکاری نرخی نەوت بە رەنگی سەوز داخرا و ئەمەش چوارەم هەفتەیە کە بە بەردەوامی نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

 

هەرچەندە نرخی نەوت لە رۆژی دووەمی هەفتەکەدا دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کرد، بەڵام هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی لەو هۆکارانە بەهێزتر بوون کە دەبوونە هۆی دابەزینی نرخەکەی، دواجار نرخی نەوت هەڵکشا و وێڕای قەرەبووکردنەوەی دابەزینەکە بۆ بەرزترین ئاستیشی لە ماوەی پێنج مانگ و 10 رۆژی رابردوو تۆمار کرد.

 

هەربەرمیلێک نەوت بە 71 دۆلار و 93 سەنت داخراوە و لە میانەی هەفتەکەشدا نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار و 50 سەنت دابەزیبوو. بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی جۆری ئەمەریکیش بۆ هەفتەم هەفتەی لەدوای یەک هەڵکشا و دواجار بە 63 دۆلار و 98 سەنت داخرا.

 

لیبیا هۆشداری داوە بەردەوامیی جەنگ  و نائارامییەکان لەو وڵاتە لەوانەیە بە تەواوی هەناردەی نەوت بوەستێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی خستنەڕوو و دواجار بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

 

جگەلەمە سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران و ڤەنزوێلاش کە بەشێک لە نەوتی وڵاتانیان دابین دەکرد بەردەوامە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازارەکان و هەر ئەوەش هۆکار بووە لەوەی لە ماوەی رابردوودا نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

 

ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆ دەبنەوە و لەبارەی دوایین هەنگاوەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بڕیار دەدەن. ئەوان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بڕیاریان دا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکەنەوە و بڕیارەکەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێ کراوە.



وشە - سلێمان تاشان