ئێران داوای پڕۆژەی میترۆی بەغدا دەکات

:: AM:10:22:20/04/2019 ‌

 

ئێران خوازیاری ئەوەیە لە زۆرترین پڕۆژەکانی عێراق رۆڵی هەبێت و لە نوێترین هەنگاویشدا ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی میترۆی بەغدا دەربڕیوە.

 

پیروز حەناچی سەرۆکی شارەوانی تاران لە دیدارێکدا لەگەڵ فەلاح حەسەن جەزایری سەرۆکی شارەوانی بەغدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دروستکردنی میترۆ لە بەغدا دەربڕی.

 

سەرۆکی شارەوانی تاران باسی لەوە کردووە دەکرێ بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک لیژنەی هاوبەش پێک بهێنرێن و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکەن.

 

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانێ" حەناچی پێشنیاری ئەوەشی کردووە کە بەغدا دەتوانێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زیاتر پشت بە کەرتی تایبەت و بانکەکان ببەستێت. هاوکات ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئێران و عێراق دەتوانن بە هاوکاری یەکتر هەڕەشەکان بۆ دەرفەت بگۆڕن و هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق تیایدا سوودمەند بن.

 

پێویستە بگوترێت لەوەتەی ئەمەریکا سزای خستووەتە سەر ئێران، تاران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە وڵاتانی دراوسێی بە تایبەتی عێراق کاریگەریی سزاکان کەم بکاتەوە و هەر ئەوەش هۆکار بووە لەوەی هاتوچۆی دیپلۆماتکارانی ئێران بۆ بەغدا پەرە بستێنێت و رۆژانە باس لە رێککەوتن و گرێبەستی نوێ بکرێت.

 

مانگی رابردوو حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ کۆمەلێک وەزیر سەردانی بەغدای کرد و باسی لەوە کرد کە ئامانجی ئێران ئەوەیە قەباەرەی بازرگانی نێوان دوو وڵات لە 12  ملیار دۆلارەوە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان