عه‌لی خه‌لیل به‌رپرسی لقی 14ى پارتى له مووسڵ رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ردوو لیستى نه‌ینه‌وا و نه‌هزه و چه‌ند لیستێكی تریش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كردوون بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ نه‌ینه‌وا، به‌ڵام پارتی مه‌رجی هه‌یه و لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه واژوو ده‌كه‌ین كه پشتگیری كاندیده‌كه‌ی ده‌كه‌ین.
عه‌لی خه‌لیل له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له دۆخی مووسڵ ده‌كات و ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه حه‌شدی شه‌عبی بوونه‌ته هۆی تێكدانی سه‌قامگیریی شاره‌كه و هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای مووسڵ ده‌ده‌ن. جگه له‌مه‌ش، بوونی چه‌ندان هێزی چه‌كدار له شاره‌كه وای كردووه بۆشایی ته‌ناهی دروست ببێت و داعش سوودی لێ وه‌رگرتووه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى پێی وایه گه‌ڕانه‌وه‌ی مووسڵ بۆ سه‌رده‌می پێش هاتنی داعش ئه‌سته‌م نییه، ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی له مووسڵ ده‌ربكرێت و پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه و پارێزگارێكی ده‌ستپاك كه دڵی له‌گه‌ڵ مووسڵاوییه‌كان بێت، دابنرێت.
دواى رووداوی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مه‌كه له مووسڵ، ئێسته قسه له‌سه‌ر پارێزگاری داهاتووی ئه‌و شاره ده‌كرێت، وه‌ك لیستى برایه‌تى كه رۆڵتان هه‌یه، چۆنه پارێزگاری داده‌نرێ؟
جارێ نۆفه‌ل عاكوب و هه‌ردوو یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی تانه‌یان له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران داوه، بۆیه هێشتا ده‌رگه‌ی كاندیدبوون نه‌كراوه‌ته‌وه. به‌ڵام به گشتى دوو ئاراسته هه‌یه، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌سێك له‌ناو ئه‌نجوومه‌ن خۆی كاندید بكات، به‌ڵام خه‌ڵكی شاره‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌سێك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌ن بێت.
وه‌ك لیستى برایه‌تى پێشتر رێككه‌وتنمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ لیستى نه‌هزه و نه‌ینه‌وا كه پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سوننه و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن بۆ لیستى برایه‌تى بێت له‌گه‌ڵ جێگری یه‌كه‌می پارێزگار، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه، پۆستى پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سوننه ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ش مه‌رجمان هه‌یه.
مه‌رجی یه‌كه‌ممان ئه‌وه‌یه كه‌سێكی ده‌ستپاك بێت له رووی داراییه‌وه، خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی خه‌ڵكی ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار به یه‌كسانی بكات، یه‌كسانی له نێوان ئاین و پێكهاته‌كان ره‌چاو بكات، ره‌چاوی دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان بكات، جگه له‌مه نابێ رێ به جێگیربوونی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه له مووسڵ بدات و ده‌بێت رێگری له گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌كه بكات، ده‌بێ له كێشه‌ى كورد له مووسڵ تێبگات نه‌ك پشتگوێی بخات. ده‌توانین بڵێین ئه‌مه هێڵه گشتى و خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه‌یه بۆ پارێزگاری داهاتووی مووسڵ.
كه‌واته كاندیدتان ده‌ستنیشان كردووه بۆ جێگری یه‌كه‌م؟
نه‌خێر، وه‌ك لقه‌كانی سنووری مووسڵ له گفتوگۆداین، به‌ڵام بڕیاری كۆتا لاى سه‌ركردایه‌تى سیاسیی پارتیمانه، ئه‌وان هه‌ر بڕیارێك بده‌ن ئێمه پێیه‌وه پابه‌ند ده‌بین.
ئه‌و مه‌رجانه‌ی باست كردن بۆ نۆفه‌ل عاكوب و ئه‌سیڵ نوجێفیش هه‌تانبوو، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێ نه‌كرد؟
راسته، له ناوچه كوردستانییه‌كان هیچ پڕۆژه‌یه‌ك نه‌كراوه ئه‌گه‌رچی بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح بۆ مووسڵ ته‌رخان كرابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ت له بیر بێت دۆخی ئێسته و سه‌رده‌می نۆفه‌ل و ئه‌سیڵ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و ده‌بێ خزمه‌تگوزاری به ناوچه كوردستانییه‌كان بگه‌یه‌نن.
كه‌واته وه‌ك لیستى برایه‌تى و پارتى له مووسڵ، كێ له ئێوه نزیكه؟
بۆ دانانی پارێزگاری نوێ، لیستى نه‌ینه‌وا كه نۆفه‌ل عاكوب و لیستى نه‌هزه وه‌ك دوو به‌هێزترین لیستى ناو ئه‌نجوومه‌ن گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئێمه كردووه، جگه له‌وان لایه‌نه‌كانی تریش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئێمه كردووه، به‌ڵام هێشتا بڕیاری كۆتامان نه‌داوه، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین تا بزانین كاندیده‌كان كێن، ئینجا بۆچوونمان له‌سه‌ر كاندیدێك ده‌ده‌ین.
قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ لایه‌نێكی شیعه پشتگیری له لایه‌نێكی سوننه ده‌كات تا پۆستى پارێزگار ببات، ئه‌و زانیارییه چه‌نده راسته؟
به به‌ڵگه هیچمان له به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام ره‌نگه لایه‌نێكی شیعه‌ش هه‌وڵ بدات و زۆریش ئاساییه.
ئه‌وانه‌ى هاتوون و قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئێوه كردووه، چ به‌ڵێنێكیان پێتان داوه؟
هه‌میشه له كاتى گفتوگۆ و دانوستاندن به‌ڵێن ده‌درێت و ده‌ڵێن هه‌موو مه‌رجه‌كانی ئێوه‌مان قبووڵه، به‌ڵام كه چووه كرداره‌وه شتێكی تره و مه‌رج نییه به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن. ئه‌مجاره هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ڵگه‌نامه‌ی لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه واژوو بكه‌ین كه پشتگیری كاندیده‌كه‌ی ده‌كه‌ین بۆ پارێزگار، تا ئه‌گه‌ر داواكاری و مه‌رجه‌كانی ئێمه‌ى جێبه‌جێ نه‌كرد پێیان نیشان بده‌ینه‌وه، به‌تایبه‌ت كه سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن له خۆمانه.
به‌پێی ئه‌زموونتان له مووسڵ، كێ له ئێوه زۆر نزیكه و كه‌ستان ده‌ستنیشیان كردووه تا پشتگیری لێ بكه‌ن؟
هه‌ندێك كه‌س هه‌ن پێمان خۆشه بكرێن به پارێزگار، به‌ڵام هێشتا زووه ناوه‌كانیان ئاشكرا بكه‌ین. هه‌ردوو لیستى نه‌ینه‌وا و نه‌هزه دوو لیستی به‌هێزن و ركابه‌ری یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین هاوسه‌نگی له نێوانیان رابگرین.
ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بكه‌م به‌تایبه‌ت بوونی شانه‌ی نوستوو، به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێوه هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر مووسڵ له چ ئاستێكدایه؟
بێگومان داعش شانه‌ی نوستووی هه‌یه كه پێكدێن له پێنج تا شه‌ش كه‌س، ئه‌وان وه‌ك گرووپ خۆیان رێك ده‌خه‌نه‌وه به سوودوه‌رگرتن له بۆشایی ته‌ناهی كه بوونی هێزی زۆری جیاواز و نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی له نێوانیان بۆشایی ته‌ناهی دروست كردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى داعش شانه‌ی نوستووی هه‌یه، به‌ڵام مه‌ترسی نییه و ئه‌وه‌ى هه‌یه ته‌نیا وه‌شاندنی گورزه، به‌ڵام داعش له مووسڵ ماوه و به نهێنی كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌گه‌ریش ده‌رفه‌تى بۆ بڕه‌خسێت، ده‌توانن هه‌موو شت بكه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له مووسڵ مابوونه‌وه و رایان نه‌كردبوو، ئێسته‌یش كاری نهێنی بۆ داعش ده‌كه‌ن.
به‌پێی راپۆرتی میدیاكانی به‌ریتانیا، مووسڵاوییه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داعش ده‌كه‌ن، هۆكار چییه ناتوانرێ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به مووسڵ بكرێت دوای زیاتر له دوو ساڵ؟
ئه‌وه راست نییه و ئاواتیان گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش نییه، ئه‌وان زۆریان چه‌شتووه به ده‌ست داعش، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راسته تا ئێسته هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به مووسڵ نه‌كراوه و گرنگیشی پێ نادرێت. خه‌ڵكی مووسڵ ئاواته‌خوازن بارزانی حوكمیان بكات و پێشمه‌رگه بیانپارێزێت.
ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش نه‌كراوه، وه‌ك ده‌گوترێ پاره‌یه‌كی زۆریش بۆ مووسڵ خه‌رج كراوه، كه‌واته ئه‌و پاره‌یه چی لێهاتووه له كاتێكدا ده‌یان به‌ڵگه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كان نۆفه‌ل عاكوب بڵاو كراونه‌ته‌وه؟
هیچ به‌ڵگه‌یه‌كم لا نییه كه نۆفه‌ل گه‌نده‌ڵی كردووه یان نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له میدیاكان بڵاو كراوه‌ته‌وه كه پاره‌یه‌كی وا زۆر هاتووه‌ته مووسڵ راست نییه. هێنده‌ى ئاگادار بم نۆفه‌ل عاكوب له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌ن و فه‌رمانگه‌كانی شاره‌كه‌ش قسه‌ى كردووه كه ئه‌و پاره‌یه‌ی باسی لێوه ده‌كرێت بۆ مووسڵ ره‌وانه كراوه، نه‌گه‌یشتووه‌ته حكوومه‌تی خۆجێی مووسڵ، ته‌نانه‌ت یه‌ك چاره‌گی ئه‌و پاره‌یه‌ش نه‌هاتووه كه باس ده‌كرێت.
كه‌واته مه‌به‌ستته بڵێی نۆفه‌ل گه‌نده‌ڵ نییه؟
ناتوانم بڵێم گه‌نده‌ڵ نییه، به‌ڵام به‌ڵگه‌شم نییه بیسه‌لمێنم كه گه‌نده‌ڵی كردووه.
ببووره كه رات ده‌گرم. لیستى برایه‌تى كه لیستی پارتییه و ئێوه‌ش به‌رپرسی ئه‌و حزبه‌ن له مووسڵ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و جێگری پارێزگاریش له پارتییه، هێشتا به‌ڵگه‌تان نییه؟
كاری من جیاوازه و وه‌ك لقی 14 زانیاریمان نییه، چونكه باره‌گامان له مووسڵ نییه.
هێزێكی زۆر له مووسڵدا هه‌ن، یه‌كێك له‌و هێزانه حه‌شدی شه‌عبییه و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن بۆ سه‌قامگیری شاره‌كه له‌وێن. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌و هێزه بووه‌ته هۆی سه‌قامگیری له مووسڵ یان ناسه‌قامگیری شاره‌كه؟
من بزانم حه‌شدی شه‌عبی بووه‌ته هۆی تێكدانی باری ته‌ناهی مووسڵ، ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن له كاروباری فه‌رمانگه‌كان و هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌كه ده‌ده‌ن. مووسڵاوییه‌كان پێیان خۆش نییه خه‌ڵكی بێگانه حوكمیان بكات و ده‌یانه‌وێ خۆیان ئیداره‌ى شاره‌كه بكه‌ن.
زۆر له مووسڵاوییه‌كان داوای ده‌ركردنى ئه‌و هێزه ده‌كه‌ن، كه‌واته به تێگه‌یشتنی ئێوه ده‌كرێ چۆن ده‌ربكرێن؟
پێشوه‌خته ده‌بێ رێككه‌وتنی سیاسی هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ناوشار ده‌بێ سوپا بیپارێزێت و ده‌وروبه‌ری شاریش هێزی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه و سوپا بن، ناوچه كوردستانییه‌كانیش پێشمه‌رگه، به‌مجۆره دۆخی مووسڵ ئارام ده‌بێت.
ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی مووسڵ بۆ پێش هاتنی داعش ئه‌سته‌م بووه؟
تا ئێسته‌یش هه‌موو به‌رپرسانی مووسڵ تا مامۆستای زانكۆ و فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، ماڵیان له هه‌ولێر یان دهۆكه و شه‌و له مووسڵ نامێننه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه كه دۆخی شاره‌كه جێگیر نییه و مه‌ترسی هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌سته‌م نییه و ده‌توانرێ مووسڵ بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ پێش هاتنی داعش، بۆ ئه‌وه ده‌بێ رێ له ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌كانی حه‌شد و گرووپه چه‌كداره‌كانی تر بگیرێت، دۆخی ته‌ناهی مووسڵ به ده‌ست سوپا و ده‌زگه ته‌ناهییه‌كانی حكوومه‌ت بێت نه‌ك هێزه چه‌كداره‌كانی حزبه‌كان، كه‌سێكی ده‌ستپاك بكرێت به پارێزگار و دڵی له‌گه‌ڵ مووسڵاوییه‌كان بێت و ده‌ست بكات به پێشكه‌شكردنى پڕۆژه‌كان.
*
تا ئێسته‌یش هه‌موو به‌رپرسانی مووسڵ تا مامۆستای زانكۆ و فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، ماڵیان له هه‌ولێر یان دهۆكه.
*
حه‌شدی شه‌عبی بووه‌ته هۆی تێكدانی باری ته‌ناهی مووسڵ و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری فه‌رمانگه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌كه ده‌ده‌ن.