نزیکبوونەوەی بەغدا و ریاز ناوماڵی شیعەی پەرتەوازەتر کردووە

:: PM:12:22:20/04/2019 ‌

سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعودییە گرژی نێوماڵی شیعەی هێندەیتر قووڵ کردۆتەوە و باڵی شیعەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتوونەتە تانە و دژایەتی عادل عەبدولمەهدی و پەرلەمانتارێکی سوننەش دەڵێ، ئەو دژایەتییە لەسەر ویستی ئێرانە و دەبوایە عێراق زووتر پێوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە ئاسایی کردبایەوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، غەیدا كەمبش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی نیشانی عێراقیە كە بە هاوپەیمانی سوننە ناسراوە، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە وەك لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی سوننە زۆر بە گرنگییەوە دەروانینە سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە،چونكە دۆخی عێراق وا دەخوازێت پێوەندی لەگەڵ ولاتانی تر باشبێ، ئەوەش دەبێتە هۆكاری سەقامگیری زیاتری عێراق.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سەردانی سەرۆك وەزیران نەك پێویست بوو، درەنگیش بوو و دەبوایە زووتر بکرابا، چونكە عێراقی نوێ عێراقی دوای سەدام پێویستی بەوەیە پێوەندی لەگەڵ هەموو ولاتان پتەوبێ نەبێ جیاوازی.

لەبارەی تانەدان ودژایەتیكردنی هەندێك سیاسی و پەرلەمتاری شیعەی نزیك لە ئێران، كەمبش ئەوەی خستەروو، ئەو بۆچونانە لەسەر بنەمای مەزهەبی و مەیلان بۆ ئێران سەرچاوەی گرتووە، بەڵام نابێ پێوەندییەكانی عێراق لەسەر بنەمای خزمەتكردن بە عێراق وناوچەكە بكرێتە قوربانی بیروبۆچوونی لەو جۆرە.

پاش سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە بالە شیعیەكانی سەربە ئێران كەوتونەتە دژایەتیكردنی ئەو سەردانە، ئەوەش لەكاتێكدایە یەكەمجارە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئەو ولاتەبكات .

گەرمیان / سەبری هۆرێنی





وشە - هیدایه‌ت جان