دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى بۆ خه‌لیفه حهفتهرى سه‌رۆكى سوپاى نیشتمانى لیبیا ده‌كات، چاودێرانى سیاسى پێیان وایه ئه‌و پێوه‌ندییه ئاراسته‌ى شەڕى لیبیا ده‌گۆڕێ ، به تایبهتبش پێوه‌ندییه‌كه له‌كاتێكدایه كه كۆمه‌ڵگەى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵوێستێكى یه‌كگرتووى له‌باره‌ى دۆسیه‌ى شەڕى لیبیاوه نییه.
شەڕى لیبیا تا دێ قوڕستر ده‌بێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه كۆمه‌ڵگەى نێوده‌وڵه‌تى ناتوانن كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر بارودۆخى ئه‌و وڵاته دروست بكه‌ن و خۆیان له‌به‌رانبه‌ر لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانى نێو گۆڕه‌پانى شەڕى لیبیا یه‌كلا بكه‌نه‌وه.
ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه شەڕێك له لیبیا هه‌ڵگیرساوه. ئه‌م شەڕە له چوارى نیسان ده‌ستى پێكرد كه خه‌لیفه حه‌فته‌ر سه‌ركرده‌ى سوپاى نشتیمانى لیبیا، رای گه‌یاند هه‌وڵ ده‌دات تهرهبلوس له ده‌ستى گرووپه توندڕه‌وه‌كان و تیرۆریستان وه‌ربگرێته‌وه. لایه‌نێكى تر‌ى شه‌ڕه‌كه ئه‌و میلیشیایانه‌ن كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى ته‌رابلوس پشتگیریى ده‌كرێن، كه حكوومه‌ته‌كه به "حكوومه‌تى ویفاق" ناو ده‌برێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه حكوومه‌تى ویفاق كه سه‌رۆكه‌كه‌ى فائیز سه‌راجه، لەلایه‌ن كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ددانى پێ نراوه و وه‌ك ده‌زگایه‌كى فه‌رمى لیبیا ناسراوه، له هه‌مان كاتیش‌دا سوپاكه‌ى حه‌فته‌ر له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ناسراوه و وه‌ك لایه‌نێكى گرنگ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆریستان سه‌یر كراوه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى خۆیان له پاڵپشتى حه‌فته‌ر ده‌دزنه‌وه، به‌تایبه‌تى له‌دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و هێرشه گه‌وره‌یه‌ى بۆ سه‌ر شارى ته‌رابلوس راگه‌یاندووه.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كۆشكى سپى راگه‌یاندراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه و له ده‌قه‌كه‌ى دا ئاشكراى ده‌كات، رۆژى دووشه‌مى رابردوو دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ خه‌لیفه حه‌فته‌ر ئه‌نجام داوه. له راگه‌یاندراوه‌كه‌ى كۆشكى سپى هاتووه "دۆناڵد تره‌مپ ددانى به رۆڵى سه‌ره‌كى حه‌فته‌ر ناوه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و پاراستنى ده‌رامه‌ته نه‌وتییه‌كانى لیبیا".
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، تره‌مپ و حه‌فته‌ر له‌میانه‌ى پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه باسى ئه‌و هەوڵانەیان كردووه كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ده‌درێت و دووپاتیشیان كردووه‌ته‌وه، ده‌بێ كار بۆ ئه‌وه بكرێت شەڕ له لیبیا بوه‌ستێت و ئه‌و وڵاته به‌ره‌و سه‌قامگیرى سیاسى و ته‌ناهى بڕوات.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له رۆژنامه‌ى
حه‌یاتى له‌نده‌نى بڵاوكراوه‌ته‌وه، جگه له پێوه‌ندییه‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ، جۆن بۆڵتنى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكایش پێوه‌ندى به خه‌لیفه حه‌فته‌ره‌وه كردووه و به‌یه‌كه‌وه تاوتوێى بارودۆخى شەڕى لیبیایان كردووه.
راگه‌یاندنه‌كه‌ى كۆشكى سپى كه پێوه‌ندى ته‌له‌فۆنى نێوان تره‌مپ و خه‌لیفه حه‌فته‌ر ئاشكرا ده‌كات، چه‌ند سه‌عاتێك دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش دێت كه له‌باره‌ى لیبیاوه به‌ڕێوه‌چوو. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى شكستى هێنا له‌وه‌ى بتوانێ بگات به چاره‌سه‌رێكى ستراتیژى كه هه‌ر دوو لایه‌نى شه‌ڕكه‌رى لیبیا رازى بكات به‌وه‌ى به‌په‌له شەڕ رابگرن.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش له‌باره‌ى پرۆژه بڕیارێكى به‌ڕیتانیا بوو كه له ده‌قه‌كه‌یدا داوا ده‌كات به په‌له شەڕ بوه‌ستێت و لایه‌نه سیاسیه‌كانى لیبیا ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌ر له هه‌موو وڵاتێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له دژى ئه‌و پرۆژهبڕیارهى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش وه‌ستانه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى دیپلۆماسى به رۆژنامه‌ى حه‌یاتى راگه‌یاندووه، له سه‌ره‌تاى هه‌ڵگیرسانى ململانێى نێوان لایه‌نه‌كان ئهنجووهنى ئاسایش به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئێسته شتێكى نوێ له ئارادا نییه تا بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت. ئه‌م سه‌رچاوه‌یه ئاشكرایشى ده‌كات، بۆیه رووسیا له دژى پرۆژهبڕیارهكهى به‌ریتانیا وه‌ستاوه‌ته‌وه، چونكه پێی وایە خه‌لیفه حه‌فته‌ر تۆمەتبارە به هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌كه.
به‌ڵام تا ئێسته هۆكارى وه‌ستانه‌وه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌دژى بڕیاره‌كه‌ى به‌ریتانیا دیار نییه. سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، كۆمه‌ڵێك تێڕوانین له واشنتن له‌باره‌ى چاره‌سه‌رى سیاسى لیبیا هه‌یه، سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو سیناریۆكان هه‌ڵبسه‌نگێنێ و دواتر چاكترین ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنێ، هێشتاش ئه‌مه رووى نه‌داوه.
به بڕواى چاودێرانى سیاسى له كاتێكدا كه ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى ناتوانێ بڕیارێكى گرنگ سه‌باره‌ت به لیبیا بدات، ئه‌وا دۆناڵد تره‌مپ هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌و وڵاته یه‌كلا بكاته‌وه و لایه‌نگرى خۆشى بۆ حه‌فته‌ر ئاشكرا ده‌كات.
ماڵپه‌ڕى
CNN بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ههڵوێستەى تره‌مپ كه له راگه‌یاندراوێك ئاشكرا كراوه، پێچه‌وانه‌ى سیاسه‌تى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكایه كه له به‌رانبه‌ر دۆسیه‌ى لیبیا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، چونكه مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له سه‌ره‌تاى هه‌ڵگیرسانى شەڕه‌كه راگەیاند و گوتى، ئێمه ڕوونمان كردووه‌ته‌وه دژى هێرشى هێزه‌كانى حهفتهرین بۆسه‌ر ته‌رابلوس، هانى ده‌ده‌ین خێرا ئه‌م هێرشه بوه‌ستێنێ".
زیاتر روون کراوەتەوە، جگه له‌وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستى تره‌مپ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگریش یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه پاتریك شاناهان وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، لیبیا پێویستى به چاره‌سه‌رى سه‌ربازى نییه.
هه‌رچه‌نده پێوه‌ندییه‌كه‌ى تره‌مپ پێچه‌وانه‌ى سیاسه‌تى فه‌رمى وڵاته‌كه‌یه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، له چه‌ند رۆژى داهاتوودا ئاراسته‌ى شەڕه‌كه بگۆڕێت، چیتر سوپاى خه‌لیفه حه‌فته‌ر بێ پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى نەمێنێتەوە.