ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە ڕژێمی ئێران دەكەن، واز لە داكۆكیكارانی مافی ژنان بهێنن كە بەردەوام دەگرێن لەكاتێكدا ئەوان بە شێوەی ئاشتییانە ڕووبەڕووی یاسا سەپێندراوەكان بوونەتەوە.
هێشتا دووكەڵی ڕووداوی لەچك فڕێدانەكەی ئێران كۆتایی نەهاتووە و بەردەوام ئەشكەنجە و گرتن دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو ژنە چالاكانەی داوا دەكەن مافی پۆشینیان ئازاد بێت و وڵاتەكە دەست لەو بڕیارەی هەڵبگرێ كە بە ناچاری حیجاب بە ژنان دەكات.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەكات بەبێ هیچ مەرجێك ئەو ژنانە ئازاد بكرێن، چونكە ئەوان تەنیا داوای مافێكی سرووشتیی خۆیان كردووە و هیچ ڕێگەیەكی نایاساییان بەكار نەهێناوە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەكات هەردوو ژنە چالاك یاسەمین ئاریانی و مونیرە عەرەبشاهی ئازاد بكرێن كە هەفتەی ڕابردوو گیراون، هەروەها داواش كراوە ویدا موەحیدی كە یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، ئازاد بكرێ.
ویدا ئەو ژنە بوو كە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەڕاستی شەقامێکی قەرەباڵغی تاران لەچكەكەی لەسەر کردەوە و بە دارێكەوە هەڵیواسی، ئەم ڕووداوە هەرای زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بووە بابەتێكی گەرم لەسەر ئاستی دنیادا.