هەواڵگری ئەمەریکا دزە دەکاتە ناو دەزگا تەناهییەکانی ئێران

:: PM:03:56:20/04/2019 ‌
 ئیتلاعاتی ئێرانی گرتنی دەیان سیخوڕ رادەگەیەنێت كە لە شوێنی زۆر هەستیار بەرپرسیاریەتییان هەبووە و كاریان كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە تاران رووبەڕووی توندترین سزای ئابووری لەلایەن ئەمەریكا بووەتەوە. مەحمود عەلەوی دەڵێ، دامەزراوەكەی توانیویەتی 290 سیخوری CIA ئاشكرا بكات.

ئەمڕ شەموو 20ی نیسان، مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانی رای گەیاند، دامەزراوەی ئیتلاعات توانیویەتی دەیان سیخوڕی CIA كە لە شوێنی زۆر هەستیار بەرپرسیاریەتییان هەبووە، ئاشكرا بكات.
عەلەوی ئەوەشی خستەڕوو كە توانیویانە 290 سیخوڕی CIA لەسەر ئاستی دنیا بگرن و پێوەندییەكانیان بە CIA بپچڕێنین، ئەمەش وایكردووە ئەمەریكا لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە ئاشكرابوونی سیخوڕەكانیان پێك بهێنێت.

مانگی رابردوو دەزگەی هەواڵگری ئەمەریکا رای گەیاند، زیاد لە یەک ملیۆن بەڵگەیان پێوەست بە چالاکی ئەتۆمی و کردەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران دەست کەوتووە و بەشێک لە بەڵگەکان پاڵپشت بوون بۆ ئەوەی کۆشکی سپی بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بدات، چاودێران ئەو لێدوانەی عەلەویش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو بەڵگانە هەڵدەسەنگێنن.

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران دووپاتی دەکاتەوە لە ماوەیەکی نزیكدا وردەكاری ئاشكرابوونی سیخوڕەكانی CIA ئاشكرا دەكات و دەڵێ، وەزارەتی ئیتلاعات ستراتیجی كاركردنی لە بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕەكان گۆڕیوە، ئێستە لە بڕی بەرگری كردن بەرەنگاری سیخوڕی هێرشبەرەكان دەبێتەوە و لەمەشدا زیانێكی زۆری بە سیخوڕە بیانییەكان گەیاندووە.

 ئاشكرا بوونی دەیان سیخوڕی CIA بە قسەی وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانی لە كاتێكدایە تاران لەلایەن واشنتن رووبەڕووی سزایەكی توندی ئابووری و بازرگانی بووەتەوە كە كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئابووری ئێران و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە داناوە. 


وشە - فه‌رمان سادق