ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش لای یەكینەكانی پاراستنی گەل بەند كراون، كۆسۆڤۆ وەك یەكەم وڵاتی ئەوروپی بڕیاری وەرگرتنەوەی دەیان ژن و منداڵ دەدات. وەزیری دادی ئەو وڵاتە دەڵێ، پڕۆسەكە بە سەركەوتووی كۆتایی هات.
ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، ئەبیلارد تاهری وەزیری دادی كۆسۆڤۆ ئاشكرای كرد، پڕۆسەی وەرگرتنەوەی ژن و منداڵی نەوەی چەكدارە داعشە كۆسۆڤۆییەكان بە سەركەوتوویی كۆتایی هاتووە.
وەزیری دادی كۆسۆڤۆ ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ شەموو ئەو ژن و منداڵە كۆسۆڤۆییانەی لە ریزەكانی داعش بوون و پاشان لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل بە دیل بەند كرا بوون، بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە سووریاوە گەیەنرانەوە وڵات.
زیاتر لە 300 كەس لە دانیشتووانی كۆسۆڤۆ لە ژن و منداڵ و پیاو، دوای 2012 گەشتی سووریایان كردووە و پێوەندییان بە ریزەكانی داعشەوە كردووە، بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 70 پیاوی كۆسۆڤۆیی لە ریزەكانی داعش كوژراون.
ئەو ژن و منداڵانەی گەڕێنرانەوە كۆسۆڤۆ، لە فڕۆكەخانە بە پاسی تایبەت لە ژێر پاسەوانی توندی پۆلیس گواسترانەوە دەرەوەی پریستینای پایتەخت.
پۆلیس دەڵێ، ئەوانەی گەڕێنراونەتەوە كۆسۆڤۆ ژمارەیان 210 ژن و منداڵ دەبێت، لەم ژمارەیە 60 منداڵ ئەوانەن كە لە سووریا لەدایكبوون و پاش شكستی داعش لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل بە دیل گیراون.
وەزیری دادی كۆسۆڤۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، لە ماوەی نزیكی داهاتوودا زانیاری تەواو لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانە بڵاودەكەینەوە.
جێی باسە
كۆسۆڤۆ لە ساڵی 2015 یاسایەكی تایبەتی دەركرد دژ بەو كەسانەی بەشداری لە ململانێی چەكداری دەكەن لە دەرەوەی وڵات و سزای گرتنی 15 ساڵیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
جێی باسە دوای شكستی داعش، ئەمەریكا داوای لە وڵاتانی ئەوروپی كرد كە چەكدار و ژن و منداڵە داعشەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان ئەوان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنیان كردووە تا لە عێراق دادگایی بكرێن و ئامادە نین وەریان بگرنەوە.