عێراق.. سەدر و عامری دەوڵەتی قووڵ پێكدێنن

:: PM:05:29:20/04/2019 ‌

لە هەڵبژاردنی ئایاری ساڵی رابردووی عێراق موقتەدا سەدر و هادی عامری لە رێگەی هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح توانیان حزبی دەعوە لە دەسەڵات دوور بخەنەوە كە ساڵانێكە ئەو حزبە لە رێگەی چەند حكوومەتی دوای یەك قۆرخی دەسەڵاتی لە عێراق كردبوو و نووری مالیكی سەركردەی ئەو حزبە توانی لەو ماوەیەدا دەوڵەتی قووڵی حزبەكە دامەزرێنێت، ئێستەیش دوای راماڵینی ئەو حزبە لەسەر گۆڕەپانەكە، سەدر و عامری دەیانەوێت دەست بەسەر دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا بگرن.

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی رابردوو، سائیروون و فەتح توانیان پرۆسەی سیاسی لە عێراق بە ویستی خۆیان پێك بێننەوە و بە سازانی هەردوولا، عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن و متمانە بە حكوومەتەكەی بدەن و پاڵپشتی بكەن، ئەو سەركەوتننەی دوو هاوپەیمانیەتییەكە وای كرد كە سەرانیان خواستی زیاتریان هەبێت كە دەست بەسەر تەواوی كایەكانی دەوڵەتدا بگرن لەوانەش پۆستە باڵاكان كە بە "پلە تایبەتەكان"، دەناسرێت و ئەوانەی وەری دەگرن كاریگەر دەبن بۆ سەر بڕیارەكانی دەوڵەت.

سەرچاوەیەكی نزیك لە هاوپەیمانی سائیروون كە سەدر پاڵپشتی دەكات گوتی، بەم دواییە سەدر و عامری كۆبوونەتەوە و لەسەر دابەشكردنی پۆستە هەستیارەكانی حكوومەت رێككەوتوون، زیاتر گوتی، ئەوان رێككەوتوون لەسەر فەراهەمكردنی زۆرینەیەكی پەرلەمانی كە هەریەك لە فەتح و سائیروون بناغەكەی پێكبێنن و هێزی تریش پاڵپشتیان بكەن، ئەوەیش بە مەبەستی تێپەڕاندنی ناوی زیانر لە 400 بەرپرس بۆ پلە باڵاكان لە عێراق. 

بەپێی رێككەوتننەكە ئەو دوو هاوپەیمانیەتە پشكی سەرەكیان دەبێت و ئەوان هەریەكەیان دەتوانن پۆستی خۆیان بدەن بە هێزەكانیتری هاوپەیمان لەگەڵیاندا، بۆیە هەردوولا دەست بە گفتوگۆی زیاتر لە رۆژانی داهاتوو دەكەن بۆ وەرگرتنی بۆچوون و كاردانەوەی ئەوان و بەشێك لە زانیارییەكان دزە پێ دەكەن بۆ راگەیاندنەكان بۆ زانینی هەر كاردانەوەیەیەكی گریمانكراوی لایەنەكانی تر و شەقامیش. وەك سەرچاوەكە وای گوت.

ئەو سەرچاوە ئاماژەی كرد كە پاشەكشەكردنی ئەم دواییەی پارتی حەل كە جەمال كەربوولی سەركردایەتی دەكات بەم دواییە لە هاوپەیمانی بینا، كە پارتێكی سوننەیە و هاوپەیمانە لەگەڵ عامری، بەهۆی دزەركردنی رێككەوتننەكەیە، كاتێك كەربوولی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی هاوپەیمانیەتییەكە توڕەیی خۆی لە فەرامۆشكردنی هاوبەشانی بینا پێشان دا كە عامری دەستی بەسەر سیاسەتەكانی بینا گرتووە و پۆستەكانی بەئارەزووی خۆی دابەش دەكات.

كەربوولی لە 11ی ئەم مانگە دوای كەمتر لە نیو سەعات لە كۆبوونەوەی سەرانی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پاشەكشەكردنی كۆتای پارتەكەی لە هاوپەیمانی بینا راگەیاند كە لە سەرەتای ئابی 2018 هاتبووە دامەزراندن لە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018. 

لای خۆیەوەیەوە رەوتی حیكمەی نیشتیمانی كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، ناڕەزایی خۆی لەبارەی لێكگەیشتنی سەدر و عامری پێشان دا و حەمزە بدێری، سەركردە لە رەوتی حیكمە گوتی، ئەو رێككەوتننە هەوڵێكە بۆ دەربازبوون لە دەوڵەتێكی قووڵ بۆ بەرژەوەندی بنیاتنانی دەوڵەتێكی تری قووڵ، وەك ئاماژەیەك بۆ كۆتاهێنان بە پۆستەكانی بە وەكالەت كە زۆرینەی بۆ سەردەمی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەگەڕێتەوە.

زیاتر گوتی، ئێمە بە دابەشكردنی پۆستەكان بەو شێوەیە رازی نابین كە پێشتریش دەستبەرداری پۆستە ویزارییەكان بووین و رازی بووین بە رادەستكردنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ كەسانی سەربەخۆ و بەتوانا و ئەمڕۆ ئەو دوو هاوپەیمانیەتە سەرقاڵی دابەشكردنی پۆستەكانی راستەقینەی وڵاتن لە دەستەكان و بەڕێوەبەرەكان لە نێوان خۆیاندا.

پۆستە باڵاكان لە عێراق، دووەم تەنگژەی گەورەیە لە پێش حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە دوای تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی كە تا ئێستەیش دوای زیاتر لە شەشە مانگ لە متمانە پێدانی، چوار وەزارەتی بەتاڵە، ئێستە عەبدولمەهدی رووبەڕووی جەنگ بووەتەوە لەگەڵ پارت و فراكسیۆنەكانەوە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكوومەتەكانی وەك سەرۆك دەستەكان و بریكارانی وەزیر و راوێژكار و و سەرۆك نێردەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان.

ئەو پارتانە داوا دەكەن كە ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای بەشبەشێنە بە هاوشێوەی پێكهاتەی حكوومەت دابەش بكرێت، لەو كاتەی پڕۆگرامی حكوومەتی عەبدولمەهدی باس لە گۆڕانكاری گەورە لەو پۆستانە دەكات كە شەش ساڵە هەر هەمان كەسایەتی بەڕێوەیان دەبەن، جیا لە پۆستەكانی بە وەكالەت بەڕێوە دەچن. 

هادی فرێجی ئەكادیمست و توێژەر دەڵێت، زۆرینەی ئەو بەرپرسانەی كە پلە تایبەتەكانیان بە وەكالەت هەیە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی نووری مالیكی لە 2006-2014 دامەزراون و ئەوان دەوڵەتی قووڵ پێكدێنن لە عێراق، بۆیە ئەوان بەرپرسیارەتی گەورە لەو دۆخە گەندەڵییەی كە لە دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە، لەئەستۆ دەگرن. زیاتر گوتی، ئەوان سەر بە حزبی دەعوەن و ئەوەیش وای كردووە مالیكی دەسەڵاتی بەسەر چەندان دۆسیەی هەستیاردا هەبێت تا ئێستەیش كە لە دەسەڵات نەماوە، ئەوەیش وای كرد كە هێزە سیاسییەكان گۆڕینی ئەو پلە تایبەتانە بكەنە مەرجی پاڵپشتیكردنیان بۆ عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

زیاتر گوتی، حوزەیرانی داهاتوو دوا مانگ دەبێت كە مووچەی پۆستە تایبەتەكانی بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن خەرج دەكرێت، ئەوەیش مانای ئەوەیە ئەو بابەتە دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتوو بێتە چارەسەركردن. ئەوش وای كردووە هێزە سیاسییەكان ململانێی لەسەر ئەو پۆستانە بكەن، چونكە ئەوەی بەسەر جومگە هەستیارەكانی دەوڵەتدا باڵا دەست بێت، حكوومەتی قووڵ پێكدێنێت، بۆیە سائیروون و فەتح لە رێككەوتننێكی ژێر بەژێری بەنیازن بۆ لایەنەكانیتر بیكەنە سوپرایز و هەر ئەوەیش وای كرد كە لە رۆژانی دوایی چەندان ترازان لەو دوو هاوپەیمانیەتییە رووبدات و پێشبینی زیاتریش دەكرێت لەگەڵ ئاشكرابوونی زانیاری زیاتر لەو بارەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل