لووتكەی بەغدا بە بەیاننامەیەكی پێنج خاڵی كۆتایی هات

:: PM:05:59:20/04/2019 ‌
كۆبوونەوەی لووتكەی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا كۆتایی بە كارەكانی هێنا و دووپاتیان لە پشتگیری لە پڕۆسەی سیاسی و بەشدارییان لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق كردەوە، ئەوان كۆك بوون لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، بە بەشداری سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، لە بەغدا لووتكەیەكی پەرلەمانی بەسترا و بە بەیاننامەیەكی پێنج خاڵیش كۆتایی بە لووتكەكە هات.

لە بەیاننامەی لووتكەكەدا، پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق پێداگیریان لە سەقامگیری عێراق و پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی كردەوە و پێیان وایە سەقامگیریی عێراق گرنگە بۆ ناوچەكە و رێخۆشكەریش دەبێت بە هەموو سەنگی سیاسی و ئابووری و مرۆیی بگەڕێتەوە بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی.

بەشداربووانی لووتكەی بەغدا، كۆكن لەسەر ئەو سەركەوتنەی عێراق لە دژی داعش بە دەستی هێناوە، دەرفەتی هاوبەش بۆ گەلانی ناوچەكە دەرەخسێنێت لە هاریكاری و بنیادنان و پشتگیری لە دیالۆگی هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە لێكگەیشتنی هاوبەش لەسەر بنەمایەكی نوێ بۆ داهاتوو.

لە خاڵێكی تری لووتكەی بەغدا كە لەسەر داوای محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ساز كرا بوو، پێداگیری لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆی لە ناوچەكە كرایەوە، بەشداربووان پێیان وابوو گەلانی ناوچەكە باجی توندڕۆیی دەدەن.

وڵاتانی دراوسێی عێراق پێداگیری لە پشتگیری پڕۆسەی بنیادنان و گەشەپێدانی عێراقیان كردەوە، بەوەی هانی وەبەرهێنەران بدەن لە عێراقدا كاری وەبەرهێنان بكەن لە سێكتەرەكانی خوێندن و تەندروستی و پیشەسازی و تەكنەلۆجیای زانیاری و كاری بازرگانی بكەن لە سێكتەری حكوومی و تایبەت.

لە كۆتا خاڵی بەیاننامەی لووتكەی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، دووپات لە پشتگیری پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراق كرایەوە، بەوەی هەموو پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق بەشداری تێدا بكەن.

لووتكەی بەغدا بە بەشداری پەرلەمانانی سعوودیە، كوێت، ئێران، توركیا، سووریا و ئوردن بەڕێوە چوو، ئەمەش یەكەمین لووتكەی پەرلەمانییە لەنێوان وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا ئەنجام بدرێت، لە بەیاننامەكەشدا ئەوە روون نەكراوەتەوە كە لووتكەكە ساڵانە دەبێت یان لە كاتی پێویست ئەنجام دەدرێت.



وشە - فه‌رمان سادق