لە بەغداوە پیلانگێرییەك دژی بودجەی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

:: PM:06:06:20/04/2019 ‌

پیلانگێڕیەك لە بەغداوە دژی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا دەبێت و پەرلەمانتارێكی پارتیش رای دەگەیەنێت، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەبێ بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكات نەك ببێتە پارێزەری حكوومەتی بەغدا و رێوشوێنی بۆ دابنێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند پەرلەمانتار و لانێكی كوردستان لە بەغدا سەر لە نوێ پیلانگێڕیەكیان بە دەستەوەیە و كار لەسەر ئەوە دەكەن بەغدا بودجەی هەرێم ببڕێت.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  بە "وشە"ی راگەیاند، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و مووچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای بودجەی عێراق و لە مادەی 10 دا چەسپاوە و كەس مافی ئەوەی نییە دەستكاری بكات.

زیاتر گوتی، هەندێك لێدوانی پەرلەمانتاری كورد دەبیستین كە هیچ خزمەتێك بە هەرێمی كوردستان و توێژی مووچەخۆران بە گشتی ناكات، پەرلەمانتاری كورد دەبێت بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكات نەك ببێتە پارێزەری بەغدا.

لە بارە رادەستكردنی نەوت بە بەغدا لە لایەن هەرێمەوە پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتی: "چاوەڕێی ئەوەین حكوومەتی نوێی هەرێم پێكبێت ئەوكات نوێنەری هەرێمی كوردستان لە ستافی نوێ دێنە بەغداو لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی ڕژد دەست پێ دەكەن بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتن".

بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عێراق بەغدا بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكات و ئەگەر رێككەوتنیش لەسەر پرسی نەوت بكرێت هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات، ئەو كات بەغدا بەپێی یاسای بودجە بەشە بودجەی تەواو رەوانەی هەرێم دەكرێ‌.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم