لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، نرخی بەنزین لە شارەكە بەرزبووەتەوە و پێویستە ژمارەی كۆمپانیاكانی هاوردەی بەنزین زیاد بكرێت.
مەهدی مەحموود ئەندامی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینن لە سنوورەكە و چەندجارێكیش داوامان كردووە بۆ ئەوە رێگری لەو بەرزبوونەوەیە بكرێت پێویستە زۆرترین كۆمپانیا بەنزین هاوردە بكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە سەرەتا تەنیا رێ بە چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراو دەدرا بەنزین هاوردەی سلێمانی بكەن دواتر ژمارەیەك كۆمپانیای تر زیادكران بۆ نزیكەی 15 كۆمپانیا و ئێمەش داوامان كردوە ژمارەی كۆمپانیاكان بۆ 30 كۆمپانیا زیاد بكرێت تا كێبڕكێی زیاتر دروست بێت و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی بگیرێت.
ئێستە نرخی بەنزین لە سلێمانی لە نێوان 15 بۆ 25 دینار بەرزبووەتەوە و پێشتر نرخی یەك لیتر بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە 600 دینار بوو، ئەوە لەكاتێكدا ئەو بەنزینەی لە ناوخۆ هەیە تەواوی بازرگانییەو هیچ پاڵپشتیەكی لە لایەن حكوومەتەوە نییە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی