دوو كۆمپانیای نەوتی لە عێراق دادەخرێن

:: PM:07:12:20/04/2019 ‌
بەهۆی سەرپێچیان لە رێنوێنییەكانی ژینگە، هەردوو كۆمپانیای "سكشن" و "تاج ئەحدەب" داخران. وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراقیش دەڵێ، پێشتر ئەو دوو كۆمپانیایە ئاگەدار كراونەتەوە، بەڵام بەردەوامبوونە لە سەرپێچییەكانی ژینگەیی.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق داخستنی هەردوو كۆمپانیای "سكشن" و "تاج"ی راگەیاند كە لە كێڵگەیەكی نەوتی لە پارێزگای واست كار دەكەن.

سەباح عەباس بەڕێوەبەری ژینگە لە پارێزگای واست دەڵێ، تیمەكانی چاودێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی واست بە هاریكاری پۆلیسی ژینگە هەڵسان بە داخستنی هەردوو كۆمپانیاكە كە لە كێڵگەی نەوتی ئەحدب لە سنووری پارێزگایە كار دەكەن.

عەباس روونی دەكاتەوە، پێشتر هەردوو كۆمپانیایەكە ئاگادار كراونەتەوە بەوەی مۆڵەتی دەستەی ژینگەیان نەبووە بۆ كارپێكردنی هەندێك لەو ئامێرانەی بەكاری دەهێنن، ئەمەش بە پێشێلكارییەكی دیار و بەرچاو هەژمار كراوە كە زیان بە ژینگەی ناوچەكە و سەلامەتی هاووڵاتییانی عێراقی دەگەیەنێت.

بەڕێوەبەری ژینگەی واست ئاماژەی بە مادەی 11ی یاسای 27ی پاراستنی ژینگە دەكات كە ساڵی 2009 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و رێگری دەكات لەو چالاكییانەی زیان بە ژینگە دگەینن بێ هەبوونی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و ژینگە.

زیاتر گوتی، "وەزارەتی تەندروستی و ژینگە دووپات لە رێكارە چاودێرییەكانی دەكاتەوە بەسەر كۆمپانیاكان بەوەی پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی پاراستنی ژینگە ببن".

جێی باسە پێشتریش چەندین راپۆرتی میدیایی و لیژنەكانی پەرلەمانی عێراقی لەسەر پیسبوونی ژینگەی دەوروبەری چەندان كێڵگەی نەوتی بڵاو كراوەتەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق و لایەنە پێوەندیدارەكان چاوپۆشیان لێ كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق