خەرجكردنی مووچەی چاودێری خێزانی لەسەر رەزامەندی حكوومەتی هەرێم ماوە

:: PM:07:22:20/04/2019 ‌

 بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات كە نووسراویان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ گەڕانەوەی مووچەی چاودێری خێزانی و دووپاتی كردەوە، ئێستە دۆخی ئابووری هەرێم باش بووە و هەركاتێك حكوومەت رەزامەندی دا، دەست بە خەرجكردنی مووچەكە دەكەنەوە.

فوئاد سدیق بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە"وشە"ی راگەیاند, لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی تەنگژەی داراییەوە مووچەی چاودێری خێزانی وەستابوو، روونی كردەوە، ئێستە دۆخی ئابووری هەرێم باشتر بووە.

زیاتر گوتی، لە دوو رۆژی رابردوودا نووسراوێكمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رەوانە كردووە و تێیدا داوامان كردووە كە مووچەی چاودێری خێزانی بگەڕێتەوە و چاوەڕێی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین.

سدیق ئاماژەی كرد، هەركاتێك ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا، پێداچوونەوە بە ناوەكان دەكەین، چونكە خەڵكانێك لەژیاندا نەماون و خەڵكانێكیش چوونەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە كە رەزامەندی درا پێداچوونەوە بە ناوەكان دەكەین و دەست بە خەرجكردنی مووچەكە دەكەینەوە بەپێی رێنوێنی نوێ.

لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە سوودمەند دەبن لەو مووچەیە ئەگەر حكوومەت رەزامەندی لەسەر بدات، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كار دووپاتی كردەوە كە جارێ نازانین ژمارەیان چەندە، چونكە گۆرانكاری بەسەر ژمارەیاندا دێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل