عێراق.. حكوومەت ناچار دەكرێت حیساباتی كۆتایی ساڵانی پێشوو ئاشكرا بكات

:: PM:08:12:20/04/2019 ‌

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە هەموواركردنەوەی یاسای كارگێڕی دارایی كۆتایی پێ هێناوە و لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو دەخرێتە دەنگدانەوە، روونی كردەوە كە یاساكە حكوومەت ناچار دەكات بۆ پێشكەشكردنی حیساباتی كۆتایی ساڵانی رابردوو بۆ پەرلەمان.

یەكێك لە كێشە گەورەكانی دارایی لە ساڵانی پێشوو، بەتایبەتی لە بودجەكانی سەردەمی هاتنی داعش بۆ عێراق نەبوونی حیساباتی كۆتایی ساڵی دارایی بووە كە تیایدا روون كراوەتەوە ئەو بودجەیە چۆن و لەچی خەرج كراوە.

ئەمڕۆ شەموو سوهام عوقەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەكە كۆتایی بە كارەكانی هێناوە بۆ هەموواركردنەوەی یاسای كارگێڕی دارایی و خوێندنەوەكانی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە لەلایەن پەرلەمانەوە.

زیاتر گوتی، سەرۆكایەتی پەرلەمان بواری بە لیژنەكە داوە بۆ تەواوكردنی هەمووارەكان تا كۆتای ئەم مانگە، بۆیە پڕۆژەكە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو دەخرێتە دەنگدانەوە، روونی كردەوە، لەكاتی پەسندكردنی پڕۆژەكە حكوومەتی عێراق ناچار دەكرێت بە پێشكەشكردنی تەواوی حیساباتی كۆتایی ساڵانی پێشوو كە پێشكەشی پەرلەمان نەكراون، لە یەكێك لە بڕگەكانی پڕۆژەكەش دەبێت هەر حكوومەتێكی عێراق لە مانگی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك حیساباتی كۆتایی پێشكەش پەرلەمان بكات.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق گوتی، سەرۆكایەتی لیژنەی دارایی پەرلەمان كە یەكێكە لەو لیژنانەی كێبەركێی لەسەرە، بۆ هاوپەیمانی فەتح یەكلا بووەتەوە و جێگرەكەشی دەدرێتە سوننە و و بڕیاردەری لیژنەكەش بۆ كوردە.

زیاتر گوتی، بەپێی رێككەوتننی نێوان هاوپەیمانیەتییەكان، سەرۆكایەتی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەدرێتە هاوپەیمانی فەتح و هەریەك لە محەمەد دەراجی و هەیسەم جبووری ركابەری وەرگرتنی دەكەن و لە دەنگدانی ناو لیژنەكە یەكلا دەبێتەوە، هەرچی سوننەیە هەریەك لە محەمەد تەمیم و موسەنا سامڕایی كاندیدن و بۆ بڕیاردەریش ئەحمەد حاجی رەشید كاندیدە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل