خۆپێشاندانی ئێلەگ زەردەكان لە هەفتەی 23هەمینیدا گرژی و شەڕی توندی لەگەڵ پۆلیس لێ كەوتەوە و پۆلیسی پاریس بۆ بڵاوەپێكردنیان گازی فرمێسكرێژی بەكار هێنا و 130 خۆپێشاندەری گرت.
ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، خۆپێشاندانی ئێلەگ زەردەكانی فڕەنسا پێی نایە هەفتەی 23هەمینی، بەپێی ئامارەكانی پۆلیسیش بێت تەنیا لە پاریس شەش هەزار و 700 كەس بەشداریان لە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییەكە كردووە.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی ئێلەگ زەردەكان، ئەمرۆ لە
فڕەنسا لەگەڵ پۆلیس بە توندی رووبەڕووی یەكتری بوونەوە و ئەمەش وای كرد پۆلیس بۆ بڵاوەپێكردنیان گازی فرمێسك رژێن بەكار بهێنێت و ژمارەیەكی زۆریشیان لێ بگرێت.
دیدییە لالمان بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس دەڵێ، بەیانی ئەمڕۆ شەموو بڕیاری گرتن بۆ ژمارەیەك لە ئێلەگ زەردەكان دەرچوو دوای ئەوەی لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس بوو بە شەڕیان.
زیاتر گوتی، "پۆلیس گازی فرمێسك رژێن و بۆمبی دەنگی بەكار هێناوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران بە مەبەستی بەرەو گۆڕەپانی كۆماری بچن كە تاكە گۆڕەپانی رێپێدراوە بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین".
پۆلیس، بە توندی بەرەنگاری خۆپێشاندەران بووە لەو كاتەی ئێلەگ زەردەكان دەیانویست بەرەو گۆڕەپانی باستیل و ریبۆبلیك هەنگاو بنێن كە ژمارەیان هەزاران كەس دەبوون و بە هێمنی بە رێگادا دەڕۆیشتن، بەڵام بە دیاریكرای سەعات دووی پاش نیوەڕۆ كاتێك پۆلیس رێگری لێ كردن رووبەڕوو بوونەوە رووی دا.
وەزارەتی ناخۆی فڕەنسا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لە شەمووی 23هەمیندا نۆ هەزار و 600 كەس بەشداریان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی كردووە بە جۆرێك شەش هەزار و 700یان لە پاریس و ئەوانی تریش لە ناوچە جیاجیاكانی فڕەنسا بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەفتەی پێشتر حەوت هەزار و 500 كەس لە سەرتاسەری فڕەنسا بەشداریان لە خۆپێشاندان كرد بوو.
خۆپێشاندەران بە بەرد وەڵامی پۆلیسیان دایەوە و ئەمەش گرژی نێوانیانی زیاتر كرد، پێشتریش دیدییە لالمان رای گەیاند بوو كە نزیكەی هەزار و 500 بۆ دوو هەزار ناڕەزی لە لیستی رادیكالەكان بەشداری لە خۆپێشاندانەكان دەكەن كە كەسانی زۆر توندڕۆن و ئامانجیان نانەوەی پشێوییە لە پاریس.
بەگوێرەی زانیارییەكان كە میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردووەتەوە، لە دەرئەنجامی خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆی فڕەنسا زیاتر لە 130 كەس لەلایەن پۆلیسەوە گیراون.