شیعە رێككەوتنەكانی عێراق لەگەڵ سعوودیە و میسڕ و ئوردن رەت دەكەنەوە

:: PM:09:22:20/04/2019 ‌
لیستی بەدر كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات، رێككەوتنەكانی حكوومەتی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی رەت دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بەغدا و تارانیش رێككەوتنی واژوو كردووە. پەرلەمانتارێكی لیستەكە دەڵێ، رێككەوتننەكان لەگەڵ سعوودیە و میسڕ و ئوردن بە گوشاری ئەمەریكا بووە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، كەریم محەمەداوی پەرلەمانتاری لیستی بەدر كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات، رای گەیاند، زۆرینەی لیستە سیاسییەكانی پەرلەمان دژی رێككەوتنەكانی ئەم دواییەی حكوومەتی عێراقن لەگەڵ سعوودیە و میسڕ و ئوردن، پیان وایە بە گوشاری ئەمەریكا بووە و هەمووان زانیارییان هەیە دەیزانن، بۆیە ئەمە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی عێراق بووە.

ئەو پەرلەمانتارەی لیستی بەدر ئاماژەی بەوەش دا، زۆرێك لە لیستەكان دژی ئەو رێككەوتنانەن، بۆیە ئەگەر بێتە پەرلەمان ئەوا دەنگی لە دژ دەدرێت، چونكە لە دژی بەرژەوەندی عێراقە و ئێمەش ئەوە قبووڵ ناكەین.

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ماوەی نزیكی رابردوودا رێككەوتن و لێكگەیشتنی لەگەڵ میسڕ و ئوردن و سعوودیە و ئێران لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی واژوو كردووە، دوا رێككەوتنیش لەگەڵ سعوودیە بوو كە هەفتەی رابردوو واژووی لەسەر زیاتر لە 13 رێككەوتن كرد.

چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا، عادل عەبدولمەهدی سەردانی توركیاش بكات و چەندین رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتەش واژوو بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێران یەكەم وێستگەی سەردانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بوو لەلایەن سەرۆك وەزیران، لەو سەردانەشدا چەندان رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن واژوو كران.



وشە - فه‌رمان سادق