لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە حكوومەتی عێراق دەتوانێت رۆڵی ناوەندگیر بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان سعوودیە و ئێران ببینێت و دووپاتی كردەوە كە لووتكەی بەغدا بە شێوەیەكی خولی ساز دەكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی وڵاتانی ناوچەكە.
عامر فایز ئەندامی لیژنەكە ئەمڕۆ شەموو گوتی، لە میانەی لووتكەی بەغدا حكوومەتی عێراق دووپاتی كردووەتەوە كە لە هەمان دووری لە وڵاتانی دراوسێ دەوەستێت و نابێتە بەشێك لە سیاسەتی تەوەرەكانەوە، زیاتر گوتی، بەستنی لووتكەكە كارێكی پێویستە، چونكە لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان دەبێتە مایەی سەقامگیری تەناهی و سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق دەتوانێت رۆڵی ناوەندگیر ببینێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان تاران و ریاز، چونكە پێوەندی باشی لەگەڵ هەردوولادا هەیە، روونی كردەوە، لووتكەی بەغدا بە شێوەیەكی خولی لە وڵاتانی بەشدار دەبەسترێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان و پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری ناوچەكە.
ئەمڕۆ محەمەد ئالشێخ، سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای سعوودیە دووپاتی كردەوە كە عێراق رۆڵی گرنگی خۆی لە ناوچەكە وەرگرتووەتەوە و داوای هاوئاهەنگی كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكانی تیرۆر.
ئەمڕۆ بەغدای پایەتەختی عێراق مێوانداری كۆنگرەی سەرۆك پەرلەمانەكانی وڵاتانی ناوچەكەی كرد كە هەریەك لە سعوودیە و كوێت و ئێران و توركیا و سووریا و ئوردنی لەخۆ گرتبوو، بۆ باسكردنی چەند پرسێكی پێوەست بە ناوچەكە لە سەروویانەوە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.