ئەمەریكا: وڵامی هەر هەڕەشەیەكی پاسداران دەدەینەوە

:: PM:10:49:20/04/2019 ‌

رێكخەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئاماژە دەكات كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق رێگرن لە گەڕانەوەی خەڵكەكە بۆ ناوچەكانیان و ئەوان پارە لە خەڵك دەستێنن، دووپاتی كردەوە كە سوپای پاسداران ساڵانە ملیارێك دۆلار دەداتە حزبوڵا و نوجەبا و حوسییەكانی یەمەن.

لە ماوەی دوایی ئەمەریكا هەڵمەتێكی تری توندكردنی سزاكانی لەدژی ئێران پێڕەو كرد كاتێك سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەی خستە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستییەكان كە ئەو هەنگاوەش ناڕەزایی گرووپە شیعەكانی ناو حەشدی شەعبی لێ كەوتەوە و پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق دوورخستەوە.

جۆی هوود ئەمڕۆ شەموو لە دیدارێكی كەناڵی تەلەڤزیۆنی دیجلە گوتی، ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار سەربازە و بوونی ئەو هێزانەش بۆ بەهێزكردنی سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەموو بەشەكانی ئەو وڵاتە.

روونی كردەوە كە حكوومەتی عێراق زانیاری لەبارەی سەردانەكەی ساڵی رابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق هەبوو، ئەو بەرپرسەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا گوتی، رێوشوێنەكانی ئەمەریكا لە دژی سوپای پاسداران سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریە نەوەك سەربازی و دەمانەوێت لەو رێگەوە حكوومەتی ئێران بێنینە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەو بەرپرسە ئەمەریكاییە ئاشكرای كرد كە ئەگەر لەلایەن پاسدارانەوە هەڕەشەی سەربازیمان لێ بكرێت، وڵام دەدەینەوە، روونی كردەوە كە حكوومەتی ئێران لە رێگەی پاسدارانەوە دەست لە عێراق وەردەدات.

هوود ئەگەرچی گوتی كە زانیاری لەسەر ئەوە نییە كە پاسداران مووشەكیان دابێتە حەشدی شەعبی، بەڵام دووپاتی كرۆدەوە كە ئێرانییەكان مووشەكیان لە ناوچەی شنگال هاوێشتووە و لە هەموو ناوچەكانی عێراق ئەو كارە دەكەن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل