وردەكاری دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە كە لە بەغداوە دێت

:: PM:11:11:20/04/2019 ‌
 
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەسەر پێدانی چوار مووچە بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەدات و دووپاتی دەكاتەوە، كاتی هاتنی پارەكە دیار نییە و هەركات وەزارەتی دارایی عێراق پارەی لەبەردەست بوو ڕەوانەی هەرێمی دەكات.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەكەمدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجكردنی چوار مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی داوە و وەزارەتی دارایی پابەند كردووە بە ناردنی ئەو پارەیە بەسەر یەكەوە.

زیاتر گوتی، ئەو چوار مووچەیە وەزارەتی دارایی عێراق بەسەر یەكەوە خەرجی دەكات و ڕەوانەی هەرێمی دەكات، بەڵام نایداتە وەزارەتی پێشمەرگە و پارەكە دەدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە مامەڵەكان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمەوە دەكرێن نەك وەزارەتەكان.

شێخ كەمال روونی كردەوە، بەو شێوازەی كە باس كراوە چوار مووچەكە بەسەر یەكەوە نادرێتە هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵكو كە پارەكە درایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ هەر مانگێك 68 ملیار دینارە، حكوومەتی هەرێم خۆشی زیاتر لە 40 ملیار دیناری دەخاتە سەر و ئەوكات مووچەی یەك مانگی پێ دابەش دەكات، چونكە تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار هەیە.

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە، هەرچەندە تا ئێستە كاتی هاتنی پارەكە دیار نییە، بەڵام هەركات وەزارەتی دارایی عێراق پارەی لەبەردەست بوو ڕەوانەی هەرێمی دەكات، روونی كردەوە، لەگەڵ هاتنی چوار مووچە بەسەر یەكەوە، حكوومەتی هەرێم چوار مووچە دابەش ناكات، بەڵكو مانگ مانگ دابەش دەكرێت.

شایەنی باسە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا وەك قۆناغی یەكەم مووچەی چوار مانگی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر یەكەوە ڕەوانەی هەرێم بكات كە 272 ملیار دینارە و وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت پارەكە خەرج دەكەین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل