ئەمەریكا: پێویستە عێراق پابەندی سزاكانی سەر ئێران بێت

:: PM:11:38:20/04/2019 ‌

رێكخەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە ئەگەر هەیە وڵاتەكەی رێوشوێنی دیپلۆماسی دژ بە عێراق وەربگرێت ئەگەر پابەندی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران نەبێت و بۆ ئەو پرسەیش رێنوێنیمان داوەتە عادل عەبدولمەهدی.

جۆی هوود لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنی ئەمڕۆ شەموو گوتی، لێدوانەكانی سەرۆك ترەمپ لەبارەی چاودێریكردنی ئێران لە عێراقەوە،زێدەڕۆیی لە وڵامدانەوە و لێكدانەوەی بۆ كرا، رۆڵی ئەمەریكا لە عێراق بۆ بە هێزكردنی حكوومەتەكەیەتی بۆ تەواوكردنی سەركەوتن بەسەر داعش و سەپاندنی كۆنترۆڵیەتی لە بەرانبەر دەستوەردانەكانی ئێران، بۆیە سەرۆك ترەمپ راستی كرد بە پێویستی چاودێریكردنی رۆڵی نەرێنی ئێران لە ناوچەكەدا.

هوود ئاماژەی كرد، ئێران بازاڕی عێراقی پڕ كردووە لە كاڵای ئێرانی و وای كردووە كە جووتیارانی عێراق كار نەكەن، بۆیە بە بەهای 20 ملیار دۆلاری ساڵانە كاڵا بۆ عێراق هەناردە دەكات و عێراقیش هەمان شت ناكات.

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە گوتی، ئەمەریكا لەو بنكە سەربازییانەی لە عێراق هەن چاودێری ئێران ناكات، سەبارەت بە سەردانەكەی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران بۆ عێراق و بەراوردكردنی بە سەردانەكەی ترەمپ گوتی، ئێمە پێویستە رێوشوێنی تەناهی وەربگرین، كەچی كەس هەڕەشە لە رووحانی ناكات لە عێراق، بۆیە سەردانەكان بەو شێوەیە بوون.

هوود ئاماژەی كرد كە سەرۆك ترەمپ رێنوێنی عەبدولمەهدی كرد كە گەشتێكی وڵاتانی ناوچەكە بكات و ئێمەش پاڵپشتی لە ئێوە و پەرەپێدانی پێوەندییەكانتان لەگەڵ سعوودیە و میسر و وڵاتانی عەرەبی دەكەین دووپاتی كردەوە كە خوازیارین عەبدولمەهدی سەردانی واشنتن بكات و زۆر دۆسیەمان هەیە بۆ باسكردنی، عەبدولمەهدی عێراقێكی ئابووری بەهێز و كراوەی دەوێت. 

ئەو بەرپرسەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا روونی كردەوە كە دەمانەوێت عێراق لە رووی وزەوە سەربەخۆ بێت و خۆی وزە بەرهەم بێنێت بێ پشتبەستن بە كەس، بۆیە ئەگەر عێراق پابەندی سزاكانی سەر ئێران نەبێت، رەنگە ئەمەریكا روو لە وەرگرتنی رێوشوێنی دیپلۆماسی لەدژی بكات، رای گەیاند، ئێران گوشار دەخاتە سەر عێراق بۆ شكاندنی سزاكانی سەری، ئێمەش لە نزیكەوە چاودێری دەكەین و رێوشوێن وەردەگرین.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل