بڕیارێكی نوێی وەزارەتی دارایی بۆ فەرمانبەران

:: AM:08:47:21/04/2019 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی نوێی بۆ فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ماوەی گواستنەوەی كاتی "تەنسیب" دەردەكات.

بەپێێ‌ بڕیارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی نیسان بڵاو كراوەتەوە و  "وشە" وێنەیەكی دەست كەوتووە، ماوەی تەنسیبكردنی فەرمانبەران یەك ساڵەو دەكرێت ساڵێكی تریش نوێ بكرێتەوە.

لە بەشێكی نووسراوەكە ئاشكرا كراوە، لە كاتی تەنسیبكردنی فەرمانبەر بۆ فەرمانگەیەكی تر، سەرجەم مووچە و دەرماڵەكانی لە فەرمانگە بنەڕەتییەكەی خۆی بۆ خەرج دەكرێ و تەنها ئەو مووچەیە وەردەگرێت لە شوێنی پێشوو وەری دەگرت و نەوەكو ئەو دەرماڵەیەی لە شوێنی تەنسیب كراو هەیە.

ئاماژە بەوەش كراوە، فەرمانبەر بەپێی گشتاندنی ساڵی 2014 سەرجەم مووچە و دەرماڵەكانی 12 مانگی بۆ خەرج دەكرێت.

ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی و ئابوووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی گەنجینەی هەولێر كراوە كە پێشتر بەهۆی نەبوونی میلاك لە هەندێك شوێنی وەزارەتەكان گواستنەوەی بەشێوەی كاتی هەبوو كە فەرمانبەران داوای بڕی دەرماڵەی ئەو شوێنەیان دەكرد.




وشە - رامیار جەواد