رووسیا بەندەری تەرتوس بۆ 49 ساڵ بەکرێ دەگرێت

:: AM:10:05:21/04/2019 ‌

 

بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵاتی سووریا و رووسیا خەریکی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێن کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە هێزەکانی رووسیا بۆ ماوەی 49 ساڵ بۆیان هەیە لە تەرتوس بمێننەوە.

 

شاندێکی باڵای رووسیا لە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی وڵات سەردانی سووریایان کردووە و چەند جارێکیش لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا کۆ بوونەتەوە و تاوتوێی ئەوەیان کردووە هێزەکانی رووسیا بۆ ماوەی 49 ساڵ بەندەری تەرتوس بە کرێ بگرن.

 

سەرچاوەکانی رووسیا لە زاری جێگری سەرۆکی سووریا ئەوەیان گواستووەتەوە کە رێککەوتنەکە بەمزووانە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت.

 

رێککەوتنەکە بۆ 49 ساڵ رێکخراوە و تیایدا باس لەوە کراوە بۆیان هەیە دوای تەواوبوونی ماوەکە بۆ ماوەی 25 ساڵی تری درێژ بکەنەوە.

 

رووسیا لەگەڵ ئێران لەو وڵاتانە بوون کە رێگرییان لە رووخانی بەشار ئەسەد کرد و پێشتریش هیزەکانی رووسیا بۆ ئەم پاڵپشتییە سوودیان لە بەندەرەکانی سووریا وەرگرتووە.

 

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" بەندەری تەرتوس بە دووەم گەورەترین بەندەری سووریا هەژمار دەکرێت و رووسەکان ئامانجیانە بەندەرەکە بکەن بە بەندەرێکی لۆجستیکی بۆ پشتیوانی سوپای وڵاتیان لە دەریای ناوەراست.

 

بنکەی ئاسمانی حەمیم یەکێکی تر لەو بنکە سەربازییانەیە کە سووریا خستوویەتە خزمەتی رووسەکانەوە.

 



وشە - سلێمان تاشان