ئەو خۆراكەی رۆژانە دەیخۆیت رۆڵی گرنگ دەبینێت لە
پرۆسەی هەرسكردن و رێكخستنی پرۆسەكە و سیستەمی تەندروستی خۆراك دەتوانێت مرۆڤ لە زۆر كێشەی كۆئەندامی هەرس بپارێزێت كە خەڵكێكی زۆر ئەو كێشەیان هەیە، بۆیە لە خوارەوە چەند كێشەیەك باس كراوە و دەتوانرێت بەئاسانی لە رێگەی خواردنەوە بەسەریاندا زاڵ بیت.
یەكەم/ سووتانەوەی گەدە، بەهۆی كۆبوونەوەی ئاوگی ترشی گەدە خۆی دروست دەبێت كە زۆرجار لەكاتی خواردن و خواردنەوەی مزرەمەنییەكان و خۆراكی ترش و تون و چەور ئەو حاڵەتە روو دەدات، جیا لە كاریگەری چەند دەرمانێك وەك دژە خەمۆكی و بەرزی فشاری خوێن. شارەزایان رێنوێنی دەكەن بە خۆپاراستن لە خواردنی خۆراك و خواردنەوەی ترش و دووركەوتننەوە لە بەهارات و پەنابردن بۆ گیایە سروشتییەكان.
دووەم/ قۆڵۆنی دەمارگرژی، رەنگە ماندووبوون و چەند جۆرە خۆراكێك كە دەبنە هۆی ورووژانی قۆڵۆنی دەمارگرژی، ئازاری قۆڵۆن دروست بكەن لەوانە خۆراكە سووركراوەكان و فاسۆڵیا و بەرووبوومەكانی شیرەمەنی و شیرینییەكان، بۆیە دەكرێت لە رێگەی كەمكردنەوەی ئەوانە و وەرزشكردن و خواردنی زیاتری ریشاڵەكان و خۆدوورخستنەوە لەو خۆراكانەی تووشی بای سكت دەكەن خۆت لەو حاڵەتە بپارێزیت.
سێیەم/ باكردنی سك، لە دیارترین نیشانەكانی ئاوسانی گەدەیە و ئەوەیش زۆرجار بەهۆی خواردنی چەند جۆرێك خۆراك روودەدات لەوانە پاقلە و كاهوو و شێلم، بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو حاڵەتە پزیشكان رێنوێنی دووركەوتنەوە لە خواردنە دروستكراوەكان كە خوێی زۆریان تیادایە، هەروەها بەكارهێنانی سركە و مزرەمەنی و گیا لەبری خوێ بۆ چێشتلێنان دەكەن.
چوارەم/ قەبزی، دیارترین نیشانەكانی هەستكردنە بە رەقبوونی ریخۆڵەكان و كەمی جووڵانەوەیان، جگە لە ئازاری سك و دواكەوتننی چوونە سەرئاو، شارەزایان رێنوێنی دەكەن بە خواردنی ئەو خۆراكانەی ریشاڵیان زۆر تیادایە وەك شۆفان و سەوزە بۆ كاركردنی كاراتری ریخۆڵەكان.
پێنجەم/ سكچوونی درێژخایەن، چەند هۆكارێك هەیە بۆ ئەو حاڵەتە لەوانە لەش ناتوانێت چەند جۆرە خۆراكێك هەڵبمژی یان بوونی میكڕۆب و مشەخۆر، بۆیە بۆ چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە پێویستە بڕێكی زۆر ئاو بخوورێتەوە و دەستەكانت بە بەردەوام بشۆیت و دووپات لە پاكی خۆراك بكرێتەوە.
شەشەم/ برینی گەدە، بەپێی توێژینەوەكان زۆرجار هۆكارەكەی بۆ جۆرێك بەكتریا دەگەڕێتەوە كە بەهۆی وەرگرتنی دەرمان بێ پرسی پزیشك دروست دەبێت، نەوەك بەهۆی خۆماندووكردن و سیستەمی خۆراك، لە نیشانەكانی سووتانەوە و باكردن و هێڵنجهاتنەوەیە، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا و ئەنجامدانی پشكنینی تایبەت بكرێت.