لە ناو ژنان باو باوی لابردنی مووە بە لێزەر

:: PM:08:28:21/04/2019 ‌
لێزەر بۆ پێست لەلایەن ژنان و پیاوان ئەنجامدەدرێت، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاو لەلایەن ژنانەوە دەكرێت، سەنتەرەكانی جوانكاری و نەخۆشخانە تایبەتەكانیش ئەم كارەی تێدا ئەنجامدەدرێت، ژنان بۆ كۆتایی هێنان بە مووەكانیان ڕێگای جۆراوجۆر دەگرنە بەر، بەڵام چەند ساڵێكە بەشێوەیەكی بڵاو دەیانەوێت كۆتایی بە هەموو مووی جەستەیان بهێنن بە ڕێگای لێزەركردن بۆ هەموو جەستەیان.


بەشێك لەو ژنانەی لێزەر بەكار دەهێنن دەڵێن، سەرەتا بۆ شوێنێكی دیاری كراو چوون، بەڵام دواتر شوێنی تریشیان لێزەر كردووە، چونكە سوودیان لێ بینیووە، بەشێكی تریش دەڵێن پێستیان تووشی هەستیاری و خوران و سووتان بووە تەنیا دوای تاقیكردنەوەی بە جارێك وازیان هێناوە.

بەسۆز بەكر، یەكێكە لەو ژنانەی ماوەی ساڵێكە لێزەر بۆ هەموو جەستەی دەكات و دەڵێت، سەرەتا تەنیا بۆ لابردنی مووی ڕووخسارم سەردانی سەنتەرێكم كرد لە هەولێر، مانگی جارێك دەچووم، بەڵام دوای سێ مانگ بینیم سوودێكی زۆرم لێی بینیوە، بۆیە بڕیارمدا هەموو جەستەم لێزەر بكەم، مەرج نیە بۆ جوانی یان هاوسەرەكەت بێت، پاكو خاوێن ڕاگرتنی جەستەیە بەتایبەت بۆ خانمان، زۆر لابردنی موو بە گوێزان و دەرمانی تایبەت پێست تێك دەدەن زۆرجاریش وا دەكات پێستەكە ڕەش ببێت یان ببێت بە هەستیاری، بۆیە لێزەر زۆر باشترە.

ئەوانەی پێستیان بەهۆی لێزەرەوە دەسووتێت یا دووچاری سووربوونەوە دەبن باس لەوە دەكەن دوای یەكەم جار بەكارهێنانی لێزە وازیان هێناوە و دووبارەیان نەكردووەتەوە.


ساوێن ئەحمەد، یەكێكە لەو كچانەی كە ماوەی دوو مانگە لێزەری بۆ ڕووخساری بەكارهێناوە و پێستی دووچاری سووتان بووەتەوە. ئەو دەڵێت، هاوڕێكانم هەموویان لێزەریان بۆ ڕووخساریان كردبوو زۆر جوان بوو، منیش هەندێك مووی چەناگەم هەبوو چووم بۆ سەنتەرێك بە ناو زۆر باشبوو، بەڵام پێستم بەجۆرێك سووتا تا ئێستەیش دوو مانگە پێستم وەك پێشووی لێ نەهاتووەتەوە، بۆیە لەوكاتەوە بڕیارمداوە لێزەر نەكەمەوە.

پیاوانیش هاوشێوەی ژنان لێزەر بۆ پێستیان بەكاردەهێنن، بەڵام پیاوان هەموو جەستەیان لێزەر ناكەن. ئاری مووسا یەكێك لەو پیاوانەیە كە لێزەر بۆ ڕووخساری بەكار دەهێنێت، باس لەوە دەكات كە سوودی زۆری لێ بینیوە، ئەو دەڵێت" سەرەتا بۆ لابردنی مووەكانی سینگم چووم بۆ لێزەر، چونكە زۆر بوون و بێزاریان كردبووم، منیش چەند جارێك لێزەرم كردوو تەنك بوونەوە، پاشان بۆ ڕێكخستنی خەتی ڕیشم سەركوڵمەكانم لێزەر كرد، ئێستەیش چەند مانگ جارێك دەچمەوە بۆ لێزەر كردن".


د. سوهام عومەر پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست، سەبارەت بە لێزەركردن گوتی، لێزەری موو نابێتە هۆی توشبوون بە هیچ نەخۆشییەك، بەڵام ئەگەر ئاگاداری پێستەكە نەبیت ئەوا دووچاری تێكچوونی دەكات، بۆنموونە دەبێت ئەوكەسەی لێزەری موو دەكات دوو ڕۆژ پێشتر هیچ كرێمێكی بۆ دەمووچاوی بەكار نەهێنێت یان هەرشوێنێكی تر كە لێزەری دەكرێت، دوای لێزەر دەبێت بە كرێمی تایبەت بەتەنكی رووپۆشبێت بۆ ئەوەی نەبێتە هەستیاری و سووتان و خوران و پەڵە.


زیاتر گوتی، ئەو كەسەیە كە لێزەرەكە دەكات زۆر گرنگە پزیشك بێت و شارەزای تەواوی هەبێت لە بەكارهێنانی لەگەڵ پێستی كەسەكەدا، چونكە ئەگەری سووتانی پێستەكەی هەیە كە دواتر دەبێت بە پەڵە. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لەسەرووی 16ساڵییەوە دەبێت لێزەر بەكار بهێنرێت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" لێزەركردن لەنێوان جاری یەكەم و جارەكانی تر دەبێت 20 ڕۆژی ماوەی هەبێت، نرخی لێزەر لە سەنتەرێكەوە بۆ سەنتەرێكی تر جیاوازە، بەڵام بەگشتی بۆ هەر جارێك لە 50 دۆلارەوە دەست پێ دەكات بۆ150 دۆلار.


هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان



وشە - سه‌رخێڵ هاشم