ئهیوب عهلى له پێگهى تایبهتى خۆى له یوتیوب، نوێترین ڤیدیۆ کلیپی لهگهڵ گۆرانیبێژ گارە سازکار بڵاو کردهوه.
گۆرانییەکە بەناوی نارین چەندان گۆرانی فۆلکلۆری سۆرانی و هەورامی و کرمانجی لەخۆگرتووە، گۆرانیبێژ ئەیوب عەلی له فهیسبووكى خۆى ئاماژەی بەوە کردووه، كه هەموو ئاوازەکان و بەشێکی زۆری تێکستەکان فۆلکلۆرن، لەگەڵ تێکستی سافی هیرانی، سابیر بۆتانی، ڕەنج سەنگاوی، هێمن عەلی، جەلال سەنسار لەتورکیا و ئەڵمانیا کاری میوزیکی بۆ ئەم بەرهەمە کردووە.
زیاتر ئاشكراى كردووه، "بەباشمان زانیووە لەم بەرهەمەدا کار لەسەر زیندووکردنەوەی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان وەک هێمایهكى کولتووریی کوردستانی گەورە بکەین و هونەریی پارچەکانی کوردستان لەم بەرهەمەدا کۆبکەینەوە و خزمەتیك بکەین، هەرچەندە وا جوانتربوو دیمەنەکانیش لەکوردستان تۆماربکرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە نەمانتوانی ئەوە بکەین و لەپاریس دیمەنەکانی کلیپەکەمان تۆمارکردووە کە وەک گەشتێک دەردەکەوێت لەگەڵ بینەراندا".
هەردوو هونەرمەند ئەیوب عەلی و گارە سازکار دوو هونەرمەندی دیاری کوردن و لە ئەوروپا دەژین، چەندان بەرهەم و ئەلبوومی گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپیان هەیە و خاوەنی هەواداری تایبەت بەخۆیانن، ئەمە دووەم کاری ئەم دوو هونەرمەندەیە پێکەوە، چوارساڵ لەمەوبەر ئەیوب عەلی و گارە سازکار پێکەوە ڤیدیۆ کلیپی "کوردم"یان بڵاو کردەوە.