هوتێلی بەفرین پێشوازی لە 50 هەزار گەشتیار دەكات

:: AM:10:06:05/01/2017 ‌

بەشێك لە هوتێلی لە بەفر دروستكراوی پارێزگای نوربوتێنی سوید، ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی زاینی كراوەتەوە و ئامانجەكەش ئەوەیە گەشتیاران سوود لە ژیانكردن لە شوێنێكی بەستەڵەك وەربگرن.

یەكەم وێنەكانی ئەو هوتێلە بڵاو كرایەوە و ئەمەش سەرنجی زۆرێك لە خەڵكی دنیای بۆ لای خۆی راكێشا، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو هوتێلە سارد و سڕە، بەڵام جوان و سەرنجڕاكیشە و ئەوەی سەردانی بكات هەرگیز لە بیری ناكات.

ئەو هوتێلە لە نزیل شاری كیرونا بنیات نراوە و هەموو ساڵێك دوای ئەوەی سەهۆڵ و بەفرەكە دەتوێتەوە، دووبارە بنیات دەنرێتەوە، ئێستە بەشێك لە هوتێلەكە بە ناوی هوتێلی لە سەهۆڵ دروستكراوی ژمارەی ٣٦٥ كراوەتەوە.

هەندێك دیوار و كۆڵەكە هوتێلە سەهۆڵییەكەیان لەسەر بنیات نراوە و بەگشتی ئەو بڕە سەهۆڵ و بەفرەی لە دروستكردنی هوتێلەكە سوودی لێ وەرگیراوە، دەگاتە ١٠٠ مەتری سێجا. ئەوەی هوتێلەكەیان لێ دروست كردووە نە بە تەنیا سەهۆڵە و نە بە تەنیا بەفرە، بەڵكو تێكەڵاوییەكە لەو دوو مادەیە و بە snice یان سەهۆڵبەفر ناسراوە.

لە هوتێلەكە تەنانەت سیسەمیش هەر لە بەفر دروست كراوە و پلەی گەرمی ناوەوەی هوتێلەكەش پێنج پلە ژێر سفرە، بەو بۆڕییانەی لە بن بانی هوتێلەكە دانراون، پلەی گەرمی هوتێلەكە كۆنترۆڵ دەكرێت و لە یەك ئاستدا رای دەگرێت، وزەی پێویست بۆ ئەو سیستەمەش لە رێگەی تیشكی خۆرەوە دابین دەكرێت.

٢٥ هونەرمەند و تەلارساز لە دیزاین و دروستكردنی ئەو هوتێلەدا بەشدارییان كردووە و ئەو بەشەی تازە كراوەتەوە لە نۆ بەشی پێشوازیكردن لە میوانان پێك دێت. لە هەر كام لەو بەشانەش ساونە، گەلەری و مەیخانەی تایبەتی تێدایە. ساڵانە نزیكەی ٥٠ هەزار كەس لە وڵاتانی دنیا سەردانی ئەو هوتێلە دەكەن.

یەكێك لەو گەشتیارانەی سەردانی هوتێلەكەی كردبوو، لە ماڵپەڕێكدا بڵاوی كردەوە بەو شێوەیەی كە باسیان دەكرد هوتێلەكە سارد نەبوو و بەلایەوە ئاسایی بووە.

هوتێلە سەرنجڕاكێشەكە كەوتووەتە گوندی یوكاشرۆی كە ٢٠٠ كیلۆمەتر لە جەمسەری باكور دوورە.

دوایین وێنە كە دەیبینن وێنەی هوتێلەكەیە لە وەرزی هاوین.

سەرچاوە/ العربیە 


وشە - سلێمان تاشان