وەزیری دارایی عێراق: رێککەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەمیشەییە

:: AM:10:09:22/04/2019 ‌
وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای دەكات ڕێكەوتن لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵێك نیە و بۆ هەمیشە یەکلایی کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە ئەو پێوەندییانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە زۆرباشە، مووچەی فەرمانبەران كە یەكێك بوو لەكێشە گەورەكان چارەسەر كرا.

وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای كردووە، كێشەكانی پێوەست بە نەوت یاسای بودجەدا هەیە كە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتە، پێویستە هەرێمی كوردستان ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی حكوومەتی فیدراڵی عێراقی بكات و بەشی دووەم پێوەندی هەیە بەسیاسەتی نەوت بەگشتی لەكوردستان و لەعێراق بۆ ئەمەیش گفتوگۆ دەست پێ‌ دەكات.

زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، "مەعقول" نیە ئەمساڵ بودجە بدرێت و ساڵێكی تر نەدرێت، ئێمە ئێستە كە بەشدارین لەحكوومەت بەشداری ئێمە هەر پۆستەكە نیە بەڵكو لەسەر بنەمایەكە كە ڕۆڵمان هەیە و بەشێكین لەبڕیار، بەبۆچونی من تا پێوەندی هەرێم و بەغداد بەرەو باشی بڕوات هیچ كێشەیەك نیە.

وەزیری دارایی دووپاتی دەکاتەوە، هەندێك پەرلەمانتار لێدوان دەدەن زانیارییەكانیان دروست نیە، هەندێكیان وا نیشان دەدەن كە هەندێكجار مووچە دوادەكەوێت بیكەنە خەتای یەكێك و كە مووچەش هات بیكەنە دەسكەوتی خۆیان كە ئەمە نابێت، نابێت پرسی مووچە و بژێوی خەڵك بكرێتە سیاسی.



وشە - رامیار جەواد