نرخی نەوت بە خێرایی هەڵکشا

:: AM:10:10:22/04/2019 ‌

 

هەفتەیەکی نوێ لە بازاری بۆرسە دەستی پێ کرد و لە سەعاتەکانی یەکەمی ئەم بازاڕەش نرخی نەوت زۆر بە خێرایی رووی لە هەڵکشان کرد.

 

هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە خوارووی 72 دۆلار داخرابوو بەڵام لە ماوەی چەند سەعاتێکدا کە بازاڕ کراوەتەوە بۆ سەرووی 74 دۆلار هەڵکشا.

 

بەگوێرەی dailyfxنرخی نەوتی تەکساس یان WTI لە 64 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 66 دۆلار هەڵکشا هەرجەندە دواتر کەمێک دابەزی و ئێستە بە 65دۆلار و 51 سەنت دەفرۆشرێت.

 

گرنگترین هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ترس لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی مۆڵەتی ئەمەریکایە بە هەندێک وڵات بۆ ئەوەی نەوت لە ئێران بکڕن.

 

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم مایک پۆمپیۆ قسە لەسەر درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی پێدانی مۆڵەت بەو هەشت وڵاتە بکات کە پێشتر سەربەست کرابوون لەوەی نەوت لە ئێران بکرن و هەندێک میدیاش باسیان لەوە کردووە کە ئەمەریکا نایەوێت مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە.

 

پێشتر وا بڵاو کرابووەوە ئەمەریکا لە بەرنامەیدایە رێگە بە هەر یەک لە تورکیا، چین، هندستان و کۆریای باشوور دەدات بۆ ماوەی شەش مانگی تر نەوت لە ئێران بکڕن  و ئاستی هەناردەی ئێران لە  650 هەزار تا 850 هەزار بەرمیل بهێڵێتەوە.بەڵام پێدەچێت لەمە پاشگەز بووبێتەوە.

 

ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە هەناردەی ئێران بۆ سفر کەم بکاتەوە و ساڵی رابردوو کاتێک ترەمپ لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە هەمان هەڕەشەی کرد بەڵام لە ترسی خێرایی بەرزبوونەوەی نەوت قۆناغ بە قۆناغ هەناردەی نەوتی ئێرانی کەم کردووەتەوە هەرچەندە ئەم سزایانە لە پاڵ چەند هۆکارێکی تر لە ساڵی 2019 نرخی نەوتیان بە رێژەی 30% بەرز کردووەتەوە.

 

سیاسەتی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی  لەبارەی دابەزاندنی ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل لە هەناردەی نەوت لە لایەک وتەنگژەی ڤەنزویلا و لیبیا لە لایەکی تر چەند هۆکارێکی ترن کە نرخی نەوتیان بەرز کردووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان