وێنەگرتن لە نزیك بێڵ ماوسەكە مەترسیدارە

:: AM:11:58:22/04/2019 ‌
بەرپرسێكی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات بێل ماوسەكەی دووكان مەترسییە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی دەكەن و وێنە دەگرن، چونكە هیچ پارێزییەكی نییە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بێل ماوسەكەی دووكان ئاوی زیادەی بەنداوی دوكانی پێ تێپەڕ دەبێت مەترسیی هەیە بۆسەر گیانی ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەكەن.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، ڕۆژانە هاووڵاتییان سەردانی دەكەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن، بەڵام هیچ پەرژینێك لە لێواری شەقامەكە نییە كە دەڕوانێتە سەر ڕووبار و قوڵای و ئاوە بەخوڕەكە بۆیە مەترسی بەربوونەوە و خلیسكان و كەوتنە ناو ڕووبارە بە خوڕەكە هەیە. 

زیاتر ڕوونی كردەوە، داوا لە هاووڵاتی و گەشتیاران دەكەین لە شوێنی مەترسیدار نزیك نەكەونەوە، بە تایبەت كاتی سێلفی گرتن و داواش لە بەرپرسانی ئەو شوێنە دەكەین هۆشداری بە هاووڵاتیان بدەن بۆ ئەوەی دووچاری مەترسی نەبنەوە.

بێل ماوسەكەی سەردەی دۆكان كە بۆ یارمەتیدانی سەدەكە دروستكراوە ئەمساڵ بەهۆی زۆری باران بارین پڕ بووە و بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن.



وشە - رامیار جەواد