ئەو ژنەی لەسەر كەیسی سێوان گیرابوو ئەمڕۆ ئازادكرا

:: PM:01:55:22/04/2019 ‌
پارێزەری كەیسی سێوان قادر ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ یەكێك لە تاوانبارانی كەیسەكە لەلایەن دادگاوە ئازاد كراوە كە لە لێكۆڵینەوەكان وەكو یەكێك لە تاوانبارە سەرەكییەكان ناوی هاتووە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ی نیسان، بنار عادل پارێزەری كەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ دادگا بڕیاری ئازاكردنی یەكێك لە تاوانبارانی كەیسی سێوان قادری دەركرد.

"ئەو تۆمەتبارە لە لێكۆڵینەوەكان وەك تۆمەتباری سەرەكی ناوی هاتووە، بۆیە نەدەبوو دادگا كارێكی لەو شێوەیە بكات و پێش دەرچوونی بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەکە، ئازادی بکات" پارێزەری کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی وای گوت.

زیاتر ڕوونی كردەوە، سبەی لەدادگا تانە لەو بڕیارەی دادوەر دەدەینەوە و پێویستە ئەو كەسە بگیرێتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بێت تا دەگات بە ئەنجامێك، ئینجا بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە، ئەو كەسەی ئەمڕۆ بە بڕیاری دادوەر ئازادكراوە ئەو ژنەیە كە دەنگۆ هەبوو دەستی هەبووبێت لە كێشەی سووتاندنی سێوان.

ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم لە ڕووداوێكی ئاگر كەوتنەوە لە چەمچەماڵ بەهۆیەوە سێوان قادر و سێ منداڵەكەی سوتان و دەستبەجێ هەر سێ منداڵەكەی گیانیان لەدەست دا و دوای یەك هەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە سێوان قادریش گیانی لەدەست دا.



وشە - رامیار جەواد