بەرپرسێكی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات لەلایەن هێزەكانی پۆلیس تاوانبارێك گیراوە كە هەڵساوە بە دزینی كەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێلەكانی پێش پاڕكەكان.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی باكور ئاگەدار كرانەوە بەبوونی ڕووداوێكی دزیكردن لە سنووری بنكەكەیان، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە، لە ماوەیەكی كەم توانیان ناسنامەی تۆمەتبارەكە ئاشكرا بكرێت و لە بۆسەیەكدا بگیرێت.
ئومێد عارەب عەبدوڵا ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی باكور ڕای گەیاندووە، پێشتر ئاگەدار كراینەوە بە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە نێو ئۆتۆمبێل لە بەردەم پاركەكان، ئێمەش دەست بەجێ دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و دوای كۆكردنەوەی زانیاری لە بارەی ڕووداوەكە توانیمان لە ماوەیەكی كەم ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكەین و بیگرین.
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئاشكرای كردووە، تۆمەتبار بە ناوی "د.م.ر" تەمەن 38 ساڵ، ددانی نا بە تاوانەكەی كەوا هەڵساوە بە دزینی پارەو مۆبایل لە نێو چەند ئۆتۆمبێلێك لە بەردەم پاڕكەكاندا.
ئاماژە دراوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار ڕێكخرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە كرا و بڕیاریدا بە بەند كردنی تۆمەتبار بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی.