كەشوهەوای ئەمشەو مەترسیی لەسەر بەرهەمی میوە دروست دەكات

:: PM:03:24:22/04/2019 ‌
ئەندازیارێكی كشتوكاڵ ئاشكرای دەكات ئەمشەو بۆ كشتوكاڵی ناوچە سنوورەییەكان كەشوهەوا مەترسیی هەیە و بەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجەیش لەوبارەیەوە ئاگەدارییەك بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، بێوار كەریم ئەندازیاری كشتوكاڵ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ باخ و بێستانەكانی ناوچە سنوورەییەكان ئەمشەو كەشوهەوا مەترسی دروست دەكات و ڕەنگە هیچ بەرهەمێك نەهێڵێت.

ئەو ئەندازیارەی كشتوكاڵ گوتی، پێویستە باخەوانان بە تایبەت لە سنووری چۆمان و هەڵەبجە و هەورامان و ئامێدی ئەمشەو دووكەڵ دروست بكەن و ئاگر بكەنەوە تا سەهۆڵبەندان لەسەر گوڵە دەركەوتووەكانی بەرهەمی میوە دروست نەبێت.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە لە ئاگەدارییەكی ڕای گەیاندووە، خاوەن باخەكانی ناوچە كوێستانییەكان پێویستە لەسەعات ۱۲شەوەوە ئاگر لەناوباخەكانیان بكەنەوە.

كشتوكاڵی هەڵەبجە ڕوونی كردووەتەوە، بەپێی پێشبینییەكان ئەم كەشوهەوایە ئەگەر ئەمشەو زیانی نەبێ ئیتر ترسی نابێ لە داهاتوو.

بڵاوكردنەوەی ئەو ئاگەدارییە لە كاتێكدایە شەپۆڵێكی باران و بەفر هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێك بەفر باریووە.



وشە - رامیار جەواد