پەیجە ساختەكانی فەیسبووك هەڕەشە لە گەرمیان دەكەن

:: PM:05:08:22/04/2019 ‌

پۆلیسی گەرمیان مەترسیی خۆی لەسەر دروستكردنی چەند پەیجێكی فەیسبووك بەناوی گەرمیانەوە ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەو ئەكاونت و پەیجانەی لە فەیسبووك بە ساختە دروست كراون بەدواداچوونیان بۆ دەكرێ‌.

ماوەیەكە ژمارەیەك پەیج و ئەكاونتی ساختە بەناوی ئیدارەی گەرمیان و پۆلیسی سنوورەكەوە هەواڵ و زانیاری بڵاو دەكەنەوە، بەبێ‌ ئەوەی پۆلیس ئاگاداری بێت. سیامەند محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، پەیجە ساختەكانی فەیسبووك لە گەرمیان بوونەتە هۆی تێكدانی دۆخی هاووڵاتییان و هەواڵ و زانیاری ساڵانی ڕابردوو بڵاو دەكەنەوە كە كاریگەری لەسەر ژیان و دەروونی خەڵك هەیە.

بەرپرسەكەی پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ئەوان لە بەدواداچووندان لەسەر كۆنترۆڵكردنی ئەو ئەكاونت و پەیجە ساختانە.

لای خۆیەوە كارزان فوئاد وەك توێژەرێكی دەروونی لەرێگەی "وشە" وە بە پێویستی زانی هاوشێوەی یاری بەبجی كاركردنی پەیجەكان رێك بخرێن بۆئەوەی بناسرێنەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە لە ڕێی ئەو پەیجە ساختانەوە خەڵكی هەڵدەخەڵەتێكنرێن و وێنەی نەشیا و نەگونجاو بڵاو دەكرێنەوە، ئەوەیش كێشەی كۆمەڵایەتی بەدوادا دێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم