لە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری كوردی رۆژنامەنووسانی گەرمیان لەسەر گۆڕی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی لە گۆڕستانی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان گردبوونەوە و ڕایان گەیاند، كاری ڕۆژنامەوانی لە سنووری ئەوان ئازاد نییە.
ئازاد عوسمان رێكخەری گردبوونەوەكەی ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی بە دەرفەتمانی زانی لەسەر گۆڕی كاوە گەرمیانی پەیامی ڕۆژنامەنووسانی سنوورەكە ڕابگەیەنین.
ڕوونیشی كردەوە كە گردبوونەوەكە ئەوە دەگەیەنێت كە كاری رۆژنامەنووسی لە گەرمیان كێشەی زۆری بۆ دروست دەكرێت و ئازادی لە كاركردندا نییە.
هاوكات لەكاتی گردبوونەوەكەدا بە لافیتەی رەش گلكۆی كاوە گەرمیانی داپۆشرا وەك هێمایەك بۆ نەبوونی ئازادی كاری ڕۆژنامەنووسی.
ئەمرۆ 121 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی بەناوی "كوردستان" لە قاهیرەی پایتەخی میسر تێدەپەڕێت، ساڵانە لە كوردستان لەلایەن ڕێكخراو و دەزگا و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانەوە چالاكی و رێوڕەسمی جیاواز بەڕیوە دەچن و هەندێك لە ڕۆژنامەنووسەكانیش خەڵات دەكرێن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی