30 كەس لەسەر مادەی هۆشبەر لە سۆران گیراون

:: PM:09:30:22/04/2019 ‌

پەیمانگای تەكنیكی سۆران بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری قوتابی و مامۆستایان پانێڵێكی لەبارەی مادە هۆشبەرەكان ساز كرد، ئەوە لەكاتێكدایە تەنیا لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو 30 كەس لەسەر مادەی هۆشبەر لە شارۆكەكە گیراون.

پاكستان محەمەدئەمین راگری پەیمانگای تەكنیكیی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەمەبەستی چۆنییەتی پاراستنی كۆمەڵگە لەمەترسییەكانی مادەی هۆشبەر، پانێلێكمان لە ژێر چاودێری سەرۆكی زانكۆی پۆڵیتەكنیكی هەولێر لە پەیمانگەكەمان ساز كرد، چونكە مادە هۆشبەرەكان یەكێكە لەگرنگترین بابەتە مەترسیدارەكانی دنیا.

بە گوتەی راگری پەیمانگای تەكنیكی سۆران ئەمانج لە پانێڵەكە خستنەڕووی كۆمەڵێك زانیاری بوو لەسەر مادە هۆشبەرەكان و جۆرەكانی، ئەو بابەتە بۆ سۆران گرنگە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی و هاوسنووری لەگەڵ ئێران.

بەپێی ئەو ئامارەی لە بنكەی مادە هۆشبەرەكانی ئاسایشی سۆران دەست "وشە" كەوتووە، تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو لە دەڤەری سۆران زیاتر لە 30 كەس لەسەر مادەی هۆشبەر و دراوی ساختەوە گیراون و چەندان كیلۆ مادەی هۆشەبەر لەلایەن ئاسایشی و دەزگا تەناهییەكانی ناوچەكە دەستی بەسەردا گیراوە. 

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم