داوا دەكرێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بكرێ‌

:: PM:09:39:22/04/2019 ‌

ئەمڕۆ 121 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و پێشێلكارییەكان بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەردەوامی هەیە و سەنتەری میترۆ داوای جێبەجێكردنی یاساكانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان دەكات.

دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 20ی ئەم مانگە 28 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان تۆمار كراون، لە هەرێمی كوردستان بەردەوام جیاكاری هەیە لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ئەمەیش پێشێلكارییەكی ئاشكرایە كە بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەكرێت.

" داوامان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە بە رژدی كار بكات و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2015 و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013 كاری پێبكرێت، كاتێك ڕۆژنامەنووسێك سكاڵای لەسەر تۆمار دەكرێت بەو یاسایانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت" بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وای گوت.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئاماری ئەو پێشێلكارییانەی بڵاوكردەوە كە لە ماوەی 10 ساڵدا بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان كراوە، كە بریتیی بوون لە ساڵی 2008 بۆ 2018، لە پارێزگای سلێمانی 321 پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمار كراوە و بەپێی زانیارییەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر رۆژنامەنووسان كراون، خۆی دەبینێتەوە لە جیاوازی لە پێدانی زانیاری و رێگەنەدان و لێدان و تیرۆر و رفاندن و برینداربوون و بێسەروشوێنكردن و گرتن و  پێشێلكاری جۆراوجۆر.

كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان پابەندە بە دۆخی سیاسییەوە، واتا كاتێك خۆپێشاندان دەكرێت و گرژیەك هەبێت، ئەوا پێشێلكاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان زیاد دەكات، لە ساڵی 2017 خۆپێشاندانەكان زۆربوون بەهەمانشێوە پێشێلكارییەكانیش بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان زۆر بوو.

ڕۆژنامەی كوردستان یەكەم ڕۆژنامەی كوردی بوو كە یەكەم ژمارەی لە 22ی نیسانی 1898 بە تێكۆشانی میقداد میدحەد بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاهیرەی میسر چاپ كرا، دەستپێكی بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامەی كوردستان وەكو خەباتێكی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دەنرخێندرێت.

سلێمانی/  ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم