لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپات لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرایەوە و ئاماژە بەوە كرا كە پێویستە ڕێگری لەو دەنگانە بكرێ كە هەوڵی تێكدانی كەشی ئەرێنی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەن.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆك بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و د.ڕۆژ نووری شاوەیس و هۆشیار زێباری و كەریم سنجاری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دروستبوونی ئەو كەشە ئەرێنییەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق هاتووەتە ئاراوە، بەرز نرخێندرا و دووپاتیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ڕێگری لەو دەنگانە بكرێت كە بەنیازی تێكدانی ئەو كەشە ئەرێنییەن، چونكە باشبوونی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا.
هاوكات بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و بار و گوزەرانی خەڵكی ئەو پارێزگایە و بەڕێوەبردنی مووسڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و هەردوولا دووپاتیان لە چڕكردنی هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگای مووسڵ كردەوە و ئەوەیش دووپات كرایەوە كە پێویستە خەڵك و پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا بەشداری لە بەڕێوەبردنی لە ئەو پارێزگایەدا بكەن.