ئێوارەی دوێنێ تەقە لە شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و ئەفسەرێكی سوپای عێراقیش دەڵێت تاوەكو ئێستە كەس نەگیراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی نیسان، وەهاب حەسەن بەرپرسی هێزی ئامادە لە سوپای عێراق لە شنگال بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ئاگەداركردنەوەمان لەلایەن تیمەكانی هەڵكۆڵین و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵكەمان كە تەقەیان بەڕوودا كراوە گەیشتینە شوێنی ڕووداوەكە.
ئەو ئەفسەرە گوتی، ڕووداوەكە لە نزیك گوندی كۆجۆ بووە و ئێستە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین تاوەكو بكەرانی ئەو ڕووداوە بدۆزینەوە و بۆ پاراستنی گیانی تیمەكەی هەڵكۆڵین ئێستە مەفرەزەیەكمان لە گوندەكە جێگیر كردووە و بەردەوام دەبێت لەگەڵیان.
زیاتر ڕوونی كردەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێك نەبووە لە ڕووداوی تەقە كردنەكە و ئێمە بە ئەركی خۆمانی دەزانیین گیانی تیمی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی كوردستان و دەزگەی شەهیدانی عێراق لە سنوورەكە بپارێزین كە ئەركیان هەڵكۆڵینی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە.
گوندی كۆجۆ یەكێكە لەو گوندانەی كە تەنها چەند كەسێكی تێدا دەرباز بوو، داعش سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو گوندەی كوشت و بەشێك لە ژنانیشی وەكو دیل بۆ شوێنە داگیر كراوەكانی ژێر دەستی خۆی گواستەوە.