ڕاوێژكارێكی كۆمه‌ڵی مرێدیانی ستراتیجی ئه‌مه‌ریكی بۆ توێژینه‌وه ئاشكرای كرد، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پشت له كورده‌كانی سووریا ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی ئێسته به‌رده‌وامه له نزیكبوونه‌وه له ئه‌نكه‌ره و پشتیوانی زیاتری هه‌ڵمه‌تی قه‌ڵغانی فوڕات ده‌كات.
خالید سفووری ڕای گه‌یاند، له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا پێوه‌ندی ئۆباما له‌گه‌ڵ توركیا و ئه‌ردۆغان خراپ بوو، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه له ئه‌نكه‌ره ده‌دا و پێوه‌ندییه‌كانی واشنتن و ئه‌نكه‌ره به‌ره‌و باشی ده‌بات، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئێسته توركه‌كان به شێوه‌یه‌كی زۆر كارا شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی، تووڕه‌یی توركیاش له واشنتن به‌هۆی هاوكاریكردنی په‌یه‌ده و كورده‌كانی سووریا، پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولای زیاتر به‌ره‌و خراپی برد، به نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره له واشنتن كه هاوپه‌یمانی ستراتیجی یه‌كترن و ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سین، ئیتر ئه‌مه‌ریكا پشت له كورده‌كانی سووریا ده‌كات.
ئاماژه‌ی دا، ئێسته ئه‌مه‌ریكا به بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پشتیوانی كورده‌كان و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌كات، بۆیه ئه‌مه‌ریكا ئه‌گه‌ر بیه‌وێ یه‌كێتیی خاكی وڵاتانی ناوچه‌كه به جێگیری بهێڵێ، حكوومه‌تی تره‌مپ ده‌ست له هاوكاری كورد به‌رده‌دات و هاوپه‌یمانه ستراتیجه‌كه‌ی كه توركیایه به كورده‌كان ناگۆڕێته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی داعش، ئیتر پێویستی به كورد نامێنێت.
ئه‌و ڕاوێژكاره ده‌ڵێ، وه‌ك چۆن پێشتر ئه‌مه‌ریكا كورده‌كانی به‌كار هێناوه، ئێسته‌ش له جه‌نگی دژ به تیرۆریستان به‌كاری هێناون، دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی تیرۆر و نه‌هێشتنی داعش‌یش ده‌ستبه‌رداری كورده‌كان ده‌بێت.
ئه‌مه‌ریكا ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه هاوكاری پێشكه‌شی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌كات كه زۆرینه‌ی پێكهاته‌كانی له هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه له سووریا پێك هاتوون، كه له‌لایه‌ن سووریاوه به گرووپێكی "تیرۆریستی" ده‌ناسرێنرێن.
پێشتر گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش ئاشكرای كرد، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه بۆ پشتیوانی له هه‌ڵمه‌ته‌كانی قه‌ڵغانی فوڕات كه توركیا له باكوری سووریا دژ به تیرۆریستان ئه‌نجامی ده‌دات.